بەرپرسێکی ئاسایش لە پێنجوێن بەبێ پشکنینی تەندروستی و گومرگ بە نایاسایی بڕی 96 تەن برنج دەردەکات بۆ سلێمانی.
بەگوێرەی ئەو نوسراوانەی دەست "سپی میدیا" کەوتووە ئەو بڕە برنجە کە لەلایەن جێگرایەتی داواکاری گشتی پێنجوێن و بەڕێوەبەری گومرگی باشماخەوە بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی دراوە و لە بەرواری 5ی ئابی 2017 ڕەوانەی کۆگای تایبەت کراوە.
بەگوێرەی نوسراوەکان جۆری برنجەکە مەحمودە و نیشانەیەکی بازرگانی بەناوی کۆمپانیایەکی دیکەوە لێدراوە و دوابەدوای ئەوە کۆمپانیای دیاریکراو سکاڵای لەسەر ئەو کەسە تۆمار کردووە کە خاوەنی ئەو بارە برنجەیە بەناوی (غ، ع ، س) و دادوەر بڕیاریداوە كە برنجەكە لە كۆگایەك لە شاری پێنجوێن دابگیرێت و دۆسیەکە ڕادەستی پۆلیس کراوە.
پاش تێپەڕبوونی ماوەیەک بەدواداچوون دەرکەوت ئەو برنجە لە کۆگاکەدا نەماوە و بە بێ پشکنینی تەندروستی و گومرگ بە نایاسایی لەلایەن بەرپرسێكی ئاسایش لە پێنجوێنەوە ڕەوانەی سلێمانی کراوە.
سەرجەم دۆکۆمێنتەکانی ئەم سەرپێچیە یاساییە لای "سپی میدیا" پارێزراوە.