سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: هەڕەشە لەدەستوری عێراق دەکرێت

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت " دوای گشتپرسی و گەڕانەوەی ھێزە عێراقییەکان بۆ ناوچە دابڕاوەکان، خواستی ھەموارکرنەوەکە لەلای ھەندێ لایەنی شیعە زۆر گەورە بووە".

لە روونکردنەوەیەکدا بەناونیشانی " هەڕەشە لەدەستور دەکرێ " کە دانەیەکی بۆ سپی نێردراوە، تیایدا هاتووە " لەوەتەی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005 وە پەسەندکراوە، ھیچ گۆڕانکاریەکی تێدا نەکراوە و گۆڕانکاری و ھەموارکردنەوەی بڕگە و ماددەکانیشی کارێکی ئاسان نییە، چونکە خودی دەستوور بەپێی بڕگەی (4)می ماددەی (142) کۆسپێکی گەورەی داناوە و ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر زۆرینەی خەڵکی عێراقیش دەنگی لەسەر بدات، بەڵام ئەگەر 2/3 ی دەنگدەرانی سێ پارێزگا لە دژی بووەستنەوە ئەوا ھەمووارکردنەوەکە سەرناگرێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە روونکردنەوەکەیدا دەشڵێت" لە ماددەی (1)یشدا ھاتووە، ئەم دەستوورە گەرەنتی یەکگرتوویی عێراقە و لە دیباجەکەشیدا ھاتووە، پابەندبوون بەم دەستوورە یەکێتیی ئازادانەی عێراق دەپارێزی، واتە ئەگەر ئەم دەستوورە فەرامۆش بکرێت یاخود دەوڵەت پێیەوە پابەندنەبێ، ئەوا  رەوایی بە دابەشبوون و جیابوونەوە دەدات".

لەدرێژەی روونکردنەوەکەدا دەڵێت " ھەر لەسەرەتاوە سوننەکان داوای ھەمووارکردنەوەی دەستوور دەکەن و ھەندێک لە لایەنە شیعەکانیش ھەمووارکردنەوەیان بەباش زانیوە، بەڵام رێککەوتنێکی سەرتاسەری لەسەر ھەموارکردنەوەی بە کارێکی سەخت و نەکردە زانراوە و رێگرییە دەستوورییەکەش ھەموو ھیوا و خواستێکی بڕیوە".

ئارێز عەبدوڵا ئەوە دەخاتە روو " دوای گشتپرسی و گەڕانەوەی ھێزە عێراقییەکان بۆ ناوچە دابڕاوەکان، خواستی ھەموارکرنەوەکە لەلای ھەندێ لایەنی شیعە زۆر گەورە بووە و تەنانەت لە ھەندێ ناوەندی سیاسی باس لە پێشێلکردنی دەستوور دەکرێ بۆ ھەمووارکردنەوەی و، ھەندێ کەس و لایەنیش گشتپرسی دەکەنە پاساو بۆ ھەمووارکردنەوە".

لە کۆتاییدا دەڵێت "ئەوان دەڵێن مادام (3) پارێزگا زیاتر دەنگیان بۆ گشتپرسی داوە، کەواتە ئەو پارێزگایانە دەستووریان پێشێلکردووە، بۆیە ئەوانیش بۆیان ھەیە بەبێ پارێزگاکانی کوردستان دەستوورەکە بەپێی بۆچوون و بەرژەوەندی خۆیان ھەموواربکەنەوە". 




PM:08:56:03/11/2017