ژمارەیەک کادیری یەکێتی داوای بەستنی کۆنگرە دەکەن

ژمارەیەک کادیری یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای بەستنی کۆنگرەی حیزبەکەیان دەکەن.

لەو نامەیەدا کە کۆپیەکی دەست سپی کەوتووەو بە پێچەوانەی بەیاننامەکانی نێو خۆی یەکێتیەوە ناو و واژووی داواکارەکانی لەسەرە، تیایدا هاتووە " ئێستا دوای وەفاتی "سەرۆك مامجەلال" چ بەپێی پەیرەوی ناوخۆ یان هەلومەرج و پێویستی كوردستان و یەكێتی، زەرورەتی كۆنگرە لەپێویست واوەتر بووە، یەكێتی پێویستی بە نوێبونەوەو خۆ سازدانەوە هەیە بەپێی ئەو هەلومەرجە نوێیەی لە كوردستان و ناوچەكە هاتۆتە پێش".
 
دەقی نامەکە..
هەڤاڵانی دڵسۆزی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
جەماوەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
سڵاوێكی گەرم..
ئازیزان، دەمێكە پرسی كۆنگرە لەنێو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان قسەو باسی لێدەكرێت، بەڵام نەتوانراوە بەجێبگەینرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو بارودۆخەی ناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كە رەنگە ئێستا كاتی باسكردنی نەبێت.
بەپێی پەیرەوی ناوخۆو مەنتقی خۆ نوێكردنەوەو هەلومەرجی ناوچەكەو گۆڕانی بارودۆخی كوردستان، دەبو زۆر زوتر كۆنگرە كرابا، بەڵام نەكرا، بێئەوەی پاساوێكی جددی و مەنتقی بۆ بهێنرێتەوە.
ئێستا دوای وەفاتی "سەرۆك مامجەلال" چ بەپێی پەیرەوی ناوخۆ یان هەلومەرج و پێویستی كوردستان و یەكێتی، زەرورەتی كۆنگرە لەپێویست واوەتر بووە، یەكێتی پێویستی بە نوێبونەوەو خۆ سازدانەوە هەیە بەپێی ئەو هەلومەرجە نوێیەی لە كوردستان و ناوچەكە هاتۆتە پێش، پێویستی بە خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هەیە، دەبێ روبەڕوی ئەو تەحەدیانەی ئێستا روبەرووی كوردستان و یەكێتی بۆتەوە ببێتەوە، كەوایە هیچ پاساوێكی بۆ دواخستنی كۆنگرە نەماوە، بەڵكو پێویستدەكات هەموومان هاندەربین تا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆنگرەی نوێبونەوەو گیانبەخشینەوە بەیەكێتی سازبكات، تا بەردەوام بین لەسەر رێی سەرۆك مام جەلال، لەخەباتی سیاسی و جەماوەریی، بەرەو ئایندەیەكی باشترو چاككردنی ژیانی خەڵكی كوردستان و گەیشتن بەمافی چارەی خۆنوسین.
لێرەوە ئێمە وەك ژمارەیەك كادری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە(بادینان، ئێزیدخان، هەولێر، كەركوك، گەرمیان، سلێمانیی) دەمانەوێ رای خۆمان بۆ تەواوی لێپرسراوان و ئەندامانی یەكێتی رابگەێنین بۆ بەستنی كۆنگرە، كۆنگرەیەكی بێ‌ مەرج، بەجۆرێك ئەم قۆناغە تێپەڕێنرێت و سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی نوێ ببێتەوەو یەكێتی لەكاروانی پێشكەوتن و خەباتی سیاسی و جەماوەریی لە كوردستان دانەبڕێت، ئەو نامەیەی ئێمەش بەهیچ رەنگ و گروپ و كەسێكەوە نەبەسترێتەوە جگە لە دڵسۆزیمان بۆ یەكێتی و ئایندەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ..
سڵاو لەگیانی پاكی شەهیدانی كوردستان
سڵاو لەكەسوكاری شەهیدانی سەروەر..
١. شوان داودی - پەرلەمانتاری عیراق - كەركوك
٢. سەرتیپ جەوهەر - نوسەرو رۆژنامەنوس - هەولێر
٣. فاتیح عەباس - وەزیری پێشوی شارەوانی و گەشتوگوزار - هەولێر
٤. حەسور دوشیوانی - ئەندامی پەرلەمانی عیراق - كەركوك
٥. موحسین عوسمان - ئەندامی پەرلەمانی عیراق - دهۆك
٦. لیوا چەتۆ گەرمیانی - كادری دیاری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
٧. شێخ داود جندی - ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ - ئێزیدخان
٨. مریم حسن - پەرلەمانتاری پێشوی كوردستان - ئێزیدخان
٩. كاروان ئەنوەر - لێپرسراو و سەرنوسەری Pukmedia- سلێمانی
١٠. بورهان حاجی عەلی - بەڕێوبەری سەتەلایتی گەلی كوردستان - سلێمانی
١١. سەلام عەلی -بەڕێوبەری گشتیی رێكخراوی ئاشتیی جیهانیی - گەرمیان
١٢. حاكم سەردار عەبدولكەریم - ئەندامی پێشوی كۆمسیۆن هەڵبژاردنەكانی عیراق- هەولێر
١٣. شادمان مەلا حەسەن - نوسەر- هەولێر
١٤. برهان حاجی سلێمان - سەرنوسەری هەفتەنامەی هەواڵ- كەركوك
١٥. شیلان جەلال دەرگەڵە - چالاكوانی مەدەنی - بریتانیا
١٦. سدیق حەسەن -نوسەر - هەولێر
١٧. ناسر كرێت - نوسەرو چالاكوانی مەدەنی - ئێزیدخان
١٨. هەژار سدیق - لێپرسراوی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی - هەولێر
١٩. كەریم حەسەن - كادری دیاری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان - هەولێر
٢٠. خەیری شنگالیی - كادری دیاری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان - ئەلمانیا
٢١. د. ئەمیر نامیق - مامۆستای زانكۆو راوێژكاری لەپەرلەمانی كوردستان- هەولێر
٢٢. شەزا دەروێش - جێگری مەڵبەندی موسڵ
٢٣. عەبدوڵلا گۆران - جێگری مەڵبەندی موسڵ
٢٤. لەیلا رێكانی - كادری دیاری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان- موسڵ
٢٥. عەبدولخالق كەمال - كارگێڕی مەڵبەندی موسڵ
٢٦. یونس شەبەك - كادری دیاری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان - موسڵ



PM:09:31:03/11/2017