وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم وەڵامی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەداتەوە ڕایدەگەیەنێت "حكومەتی هەرێم بۆ چەندین ساڵی داهاتوو لەچوارچێوەی پێشفرۆشكردنی نەوتدا لەگەڵ كڕیارانی ڕێككەوتوە".
وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم لەتویتێكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر وەڵامی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراقی داوەتەوە و ڕایگەیاندوە، "عەبادی وتویەتی موچەی فەرمانبەران دەدات، بەڵام تائێستا پرسیار لەژمارەی موچەخۆرانی هەرێم دەكات، حكومەتی هەرێم لیستی وردبینیكراوی موچەخۆرانی ئامادەیە، لەڕێگەی پرۆسەی بایۆمەتری ئامادەكراوە، ئێمەش دەپرسین ئاخۆ ئامادەن موچەكانیان بەتەواوەتی بدەن؟".
سامانە سروشتیەكان جەختی لەسەر ئەوەشكردۆتەوە، "جگە لەحكومەتی عیراق، هەرێمی كوردستانیش دەسەڵاتی هەیە لەبەڕێوەبردنی نەوتدا، لەبەرئەوە دەبێت كەرتی نەوت بەهاوبەشی لەنێوان هەولێر و بەغدادا بەڕێوەببرێت".
هەروەها دەپرسێت "ئایا ئامادەن حەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكان بدەن كە لەهەرێم كاردەكەن، ئایا ئەگەر عیراق ئامادەنەبێت حەقدەستی ئەو كۆمپانیایانە بدات، ئایا كۆمپانیا نەوتییەكان بەبەلاش دەتوانن بەردەوامبن لەبەرهەمهێنانی نەوت؟".
ئاشكراكردوە، حكومەتی هەرێم بۆ چەندین ساڵی داهاتوو لەچوارچێوەی پێشفرۆشكردنی نەوتدا لەگەڵ كڕیارانی ڕێككەوتوە، لەو ڕوەشەوە ئەوەی پرسیوە "ئایا بەغدا بیری لەئاكامە یاساییەكانی ئەمە كردۆتەوە؟".