" شیعەکان بەخۆپیشاندان ناهێڵن بەر پرسە کوردەکان لە کەرکوک دەوام بکەن "

‌لەم وێنەیەدا ئەندام پەرلەمانەکانی یەکێتی بەرپرسانی داقوقیان بردەوە، دوای دەریان کردن
خەڵکە شیعەکانی دانیشتوانی قەزای داقوق لە باشوری کەرکوک بە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی، رێگە نادەن قایمقام و بەرێوەبەری پۆلیسی قەزاکە کە کوردن دەوام بکەن.

دکتۆر ئەمیر خواکەرەم قایمقامی قەزای داقوق، بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە"چەند رۆژێک لەمەوبەر گەرامەوە بۆ قایمقامیەت و ویستم دەوام بکەن، بەڵام خۆپیشاندەران ناچاریان کردم دەوام جێبهێڵم."

ناوبراو بەو رادیۆیەی راگەیاندووە"پارێزگاری کەرکوکم بە وەکالەت ئاگادارکردۆتەوە، دەوام ناکەم تا ئەوکاتەی گەرەنتی پاراستنی ژیانمان پێدەدرێت."

رێگەنەدان بە قایمقامە کوردەکەی داقوق بۆ دەوام کردن، لەکاتێکدایە چەند رۆژێک لەمەوبەر پەرلەمانتارانی یەکێتی نیشتیمانی لەبەغدا وێنەیەکیان لەگەڵ ناوبراو لەنێو بینای قایمقامیەتی قەزاکە بڵاوکردەوە، کە لەیەکەم رۆژی دەوام کردنی لەگەڵی رۆیشتبوون.

قایمقامی داقوق، پێیوایە ئەو کەسانەی دژی بەرپرسە کوردەکان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، هاندەدرێن.

تائێستا ماڵی چەندین خێزانی کورد لەداقوق و خورماتو تەقێنراونەتەوە، هەروەها کۆتایی مانگی رابردووش عەمید محەمەد گورگانی بەرێوەبەری پۆلیسی قەزاکەش کاتێک بۆ دەوام کردن گەرایەوە، لەلایەن شیعەکانەوە کێشەی بۆ دروستکرا بۆیە دەوامی جێهێشت ئەمەش بەپێی وتەی سەرچاوەیەک لەپۆلیسی داقوق.

ئەوە لە کاتێکدایە لە داگیرکردنی پارێزگاری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی ئەو دەڤەرە، باڵێکی یەکێتی بانگەشەی ئەو دەکات کە رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا هەیە.



PM:06:31:08/11/2017