"سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەهەموو مەرجەکانی عەبادی رازیە، کەچی بەداواکاریەکانی گۆڕان رازی نییە"

کادیرێکی دیاری پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات نێچیرڤان بارزانی ریفراندۆمی لەبەر حەیدەر عەبادی " سڕ " کرد، کەچی بە داواکارییەکانی گۆڕان رازی نییە.

مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لەتٶڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پۆستێکدا نووسیوویەتی " سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە هەموو مەرجەکانی حەیدەر عەبادی رازیەو ئەنجامی ریفراندۆمی سڕکردو تەنانەت ئامادەیە دۆسێی نەوت و داهاتەکانی هەرێم و خاڵە سنوریەکان رادەستی حکومەتی بەغدا بکات".

لە درێژەی نووسینەکەیدا ئەو کادیرە دیارەی پارتی دەڵێت " کەچی بەداواکاری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم حکومەتە بێ کەڵک و شکستخواردووە رازی نییە".

مەریوان نەقشبەندی پێیوایە " لە ئێستادا لە هەرکات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان هەیەو پێویستە سەرۆکی حکومەت بە مەرجەکانی بزووتنەوەی گۆڕان رازی بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەم بزووتنەوەیە بە هەموو شێوەیەک دژی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان".

گۆڕان داوای هەڵوەشانەوەی ئەم حکومەتەو پێکهێنانی حکومەتێکی رزگاری نیشتمانی دەکات، بەڵام پارتی و یەکێتی رەتیدەکەنەوە.  



PM:04:14:09/11/2017