سۆران عومەر: بە دوو مانگی داهاتی نەوتی گەرمیان كێشەی موچەی مامۆستایانی چارەسەر دەبێت

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵ دەڵێت، نەوتی گەرمیان بۆ چەند كوڕە بەرپرسێك هەرزانفرۆش دەكرێت و ڕاشیگەیاندووە " بە دوو مانگی داهاتی نەوتی گەرمیان كێشەی موچەی مامۆستایانی چارەسەر دەبێت".

سۆران عومەر لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك نوسراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی بڵاوكردۆتەوە تیایدا هاتووە "لە ٢/١١/٢٠١٧ بەڕێوەبەری كارگێڕی فەرمانی وەزاری دەردەكات بۆ كۆمپانیایەك كە نەوتی خاوی كێڵگەكانی گەرمیان و شیوەشان و ڕۆژانە پێنج هەزار بەرمیل كۆندێسێتی كۆرۆمۆری دانا غازی پێ دەدرێ بەبێ ئەوەی نرخی پێدانی تێدا دیاری بكرێ!".

هەروەها دەشڵێت "ئەمە بەبێ تەندەر و موزایەدە پێدانی ئەو بڕە زۆرە لەنەوتی خاو بەو كۆمپانیا بۆ پاڵاوگەی دوكان سەلمێنەری ئەوەیە نەوتی هەرێم وەك پشك پشكێنە دەدرێ بە كوڕ و كەسوكاری چەند بەرپرسێك كەنرخی نرخیشی بۆ دیاری ناكەن"!

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش كردووە، لەخراپترین دۆخی گوزەرانی خەڵكدا "كوڕ و برا و كەسە نزیكەكانی چەند بەرپرسێك شەڕیانە لەسەر داگیركردنی نەوتی چەند كێڵگەیەك بەنرخێك كە دیار نیە و بەبێ مونافەسە و موزایەدە كە قازانجەكەیان ملیۆنەها دۆلارە".

بە وتەی سۆران عومەر، "بە دوو مانگی داهاتی نەوتی ئەم شوێنانە كێشەی موچەی مامۆستای لەو دەڤەرە پێ چارەسەر دەكرێت بەڵام ئامادە نین داهاتەكەی بۆ خەڵك بێت، بۆیە دەیدەن بەبرای كاك فڵانی حكومەت و كوڕی كاك فڵانی حزب!"



AM:11:16:15/11/2017