پەروەردە پەیامێك ئاراستەی‌ مامۆستایان دەكات

بەشێك لە مامۆستایان تا ئێستا بایكۆتی‌ هۆڵەكانی‌ خوێندنیان كردووە و  داوای كەمكردنەوەی‌ دەوام بۆ دوو ڕۆژ لەهەفتەیەكدا دەكەن و پەروەردەش ڕایدەگەیەنێت "سزای‌ مامۆستایان نادرێت"

لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا سۆران محەمەد، بەڕێوەبەری‌ پەروەردەی‌ سەیدسادق ڕایگەیاند، "نزیكەی‌ 900 مامۆستامان لەدەرەوەی‌ شارەكەوە هاتوچۆ دەكەن، ئەوەش گرفتی‌ زۆری‌ بۆ دروستكردووین، چەند جارێكیش سەردانی‌ وەزیری‌ پەروەردەمان كردوەو بەڵێیان پێداوین هەركاتێك دامەزراندن هەبێت كێشەكەمان بۆ چارەسەربكەن".

بەڕێوەبەری‌ پەروەردەی‌ سەیدسادق لەبارەی گواستنەوەی مامۆستایانیشەوە ڕایگەیاند "بڕیارمانداوە  لەمڕۆوە لەگەڵ نوێنەری‌ یەكێتیی‌ مامۆستایان و لیژنەی‌ گواستنەوە، بەچەند قۆناغێك گواستنەوە بۆ ئەو مامۆستانە دەستپێبكەین دواتریش شوێنەكانیان پڕدەكەینەوە، بەو شێوەیە قۆناغ بەقۆناغ دەیانگوازینەوە بۆ شوێنەكانی‌ خۆیان".

لەبارەی كەمكردنەوەی دەوامەوە بۆ دوو ڕۆژ كە مامۆستایانی مانگرتوو داوایان كردبوو ئاماژەی بەوەدا بەگوێرەی‌ ڕێنماییەكانی‌ وەزارەتی‌ پەروەردە ئەوە ناكرێت، بەڵام وتیشی "سزادانی‌ مامۆستایان و غیابدانیان، بڕیارمان لەسەر هیچكام لەوانە نەداوە".

لەبارەی‌ پڕكردنەوەی‌ شوێنی‌ ئەو مامۆستایانەش كە دەگوازرێنەوە، سۆران محەمەد جەختیكردەوە، "ئەو گرفتە بەوانەبێژ چارەسەرنابێت، بەڵام لەبەر خاتری‌ مامۆستایان چەندین ساڵە هاتوچۆ دەكەن، بەمەبەستی‌ كەمكردنەوەی‌ لۆدی‌ سەریان ناچاربوین گواستنەوەیان بۆ بكەین".

ئەمڕۆ 19ی‌ تشرینی‌ دووەم لەسەیدسادق، هەڵەبجە و پێنجوێن، مامۆستایانی‌ ناڕازیی گردبونەوەیان ئەنجامدا و داوایانكرد دەوام بۆ دوو ڕۆژ لەهەفتەیەكدا كەمبكرێتەوە، جەختیشیانكردەوە، بەردەوامدەبن لەبایكۆتی‌ هۆڵەكانی‌ خوێندن و داوای‌ ئەوەشیانكرد، گواستنەوەی‌ مامۆستایان دەستپێبكات.



PM:01:36:19/11/2017