رزگار عەلی: عەرەبەكانی كەركووك وا هەستدەكەن ئینقیلابی 17ی تەمموزی 1968 روویداوە

ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رزگار عەلی دەڵێت " عەرەبەكانی كەركووك وا هەست دەكەن ئینقیلابی 17ی تەمموزی 1968 روویداوە كە بەعسییەكان هاتنە سەر حوكم".

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای رووداو، رزگار عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و پاڵێوراو بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەڵێت" ناتوانم بڵێم پێشێلكاری لە كەركووك نییە، پێشێلكاری لەلایەن دەوڵەتەوە هەمیشە كراوە. جا لەلایەن سوپا بووبێ‌، یان پۆلیس. پێشتر رەنگە لەلایەن پێشمەرگە و ئاسایش كرابێ‌. هێزی ئەمنی فریشتە نییە تاوەكو پێشێلكاری نەكات".

دەربارەی کاندیدکردنی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، رزگار عەلی و رەتکردنەوەی لەلایەن پارتی یەوە، دەڵێت" ئێمە ئازادین كێ‌ هەڵدەبژێرین بۆ پارێزگاری كەركووك، ئەوە ئیشی پارتی نییە تەدەخول بكات.

ناوبراو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گەندەڵیەکی زۆر کراوە لە پێشوودا لە کەرکوک.

رزگاری عەلی لە پارتی دەپرسێت " سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەر بە پارتی نییە؟ جێگری یەكەمی پارێزگاری نەینەوا سەر بە پارتی نییە؟ چەندین بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری گشتی لە نەینەوا پارتی نین؟ ئەوێ‌ پڕ لە حەشدی شەعبی نییە؟ حەشدی شەعبی هاتە مووسڵیش، بۆچی لەوێ‌ دەوام دەكەن؟ شتێكی دیكەش بە برادەرانی پارتی دەڵێم: فەرماندەیەكی گەورەی دژە تیرۆری عێراق سەر بە پارتییە، ناوی كاك فازڵە، هاوشانی هێزەكانی حەشدی شەعبی شەڕی مووسڵ دەكات، شەڕی تەلعەفەر دەكات، شەڕی مەخموور دەكات".

 



AM:11:40:21/11/2017