پەرلەمانتاران هەڵمەتێک بۆ لێپێچینەوە لە ئاشتی هەورامی رێکدەخەن

ژمارەیەک پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان هەڵمەتێكی واژۆكۆكردنەوە بۆ هێنانەوەی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان دەستپێدەكەن.

سالار مەحمود ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان  لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەمەبەستی دروستکردنی فشار بۆ هێنانەوەی ئاشتی هەورامی و بانگهێشتکردنی بۆ پەرلەمان هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوە لەپەرلەمانی کوردستان دەست پێدەکات".

ئەو ئەندامەی فراسکیۆنی یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "ئەم هەفتەیە بۆ دەرکەوتنی هۆکارەکانی هەڵهاتن و ونبوونی ئاشتی هەورامی و ئاشکرابوونی مەلەفە شاراوەکانی پشت ونبوونی وەزیری سامانە سروشتیەکان لەماوەی 55 رۆژدا فشارێکی کرداری لەسەر حکومەتی هەرێم بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان فشارەکان توندتر دروست دەکرێ".
سەبارەت بەرۆڵی ئاشتی هەورامی لە سیاسەتی نەوتی هەرێمدا، سالار مەحمود لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئاشتی هەورامی سەرچاوەی شکستی سیاسەتی نەوتی هەرێمە، ئەبێ لەسەرووی ئەوەوە کەسێک یان چەند کەسێک هەبێ دەبێ خۆی روونی بکاتەوە، چونکە ئەو لەبەردەم پەرلەمان خۆی بەبەرپرسیاری ئەو سیاسەتە شکستخواردوە ناساندوەو پێویستە سزای نانبڕینی خەڵک و روبعە مووچەو شکستی ئابوری کوردستان لەبەردەم پەرلەمان و دادگادا وەربگرێت، لەبەرامەر بەڵێنە بێ بنەماکاندا دەبێ سزا هەبێ".

سالار مەحمود بەپێویستیشی دەزانێت كە "هەموو لایەک هاوکاربن بۆ سەروەری یاساو دیاریکردبی بەرپرسیارێتی و بە مەسئولیەت هەڵسانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران".

پیدەچێت ئەو هەڵمەتە ژمارەیەکی بەرچاو لەپەرلەمانتاری گۆڕان و کۆمەڵ و یەکێتی و یەکگرتوو واژووی لەسەر بکەن.



PM:10:26:23/11/2017