میسر...هێرشکرایە سەر مزگەوتێک

ژمارەیەك چەكداری نەناسراو هێرشیان كردە سەر مزگەوتێك لە گوندێكی ناوچەی سینای میسری و بەو هۆیەوە 50 كەس لەناو مزگەوتەكە كوژران و دەیانی تریش بریندار بوون.


ئاژانسی "ئەیام"ی میسری بڵاویکردەوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 24ی تشرینی دووەم ژمارەیەک چەكدار چوونەتە سەر مزگەوتێك لە گوندی رەوزە لە رۆژئاوای ناوچەی عەریش لە باكوری سینا و بۆمبێكی چێنراویان تەقاندووەتەوە و دواتر لەكاتی راكردنی خەڵكەكە تەقەیان لێ كردوون و بەو هۆیەوەش 50 كەس كوژراون و ژمارەیەكیش بریندار بوونە و زیانیشیان بە مزگەوتەكە گەیاندووە. جیا لەوەش ئەوان رێگەی گوندەكەیان داخستووە.

ئاژانسەکە ئاماژە بۆ بوونی 50 كوژراو و 75 بریندار دەكات بە هۆی هێرشەكەوە كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەكاتی نوێژی هەینی لەو گوندە رووی داوە.

ئاژانسی میسری "ئەلیەوم"، ڕایگەیاندووە هێرشبەرەکان سەرەتا بۆمبێكی چێنراویان تەقاندووەتەوە و كاتێك خەڵكەكە رای كردووە بۆ دەرەوەی مزگەوتەكەوە تەقەیان لێ كردوون، چەكداران چوار ئۆتۆمبێلی بەرزیان پێ بووە و گەمارۆی مزگەوتەكەیان داوە. 



PM:03:55:24/11/2017