بەرپرسێکی پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەگەر هەیە کە حەشدی شەعبی شارۆچکەی قەرەهەنجیری نێوان چەمچەماڵ و سلێمانی کۆنترۆڵ بکات.
سەید کەریم ساڵح، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی قەرەھەنجیری پارتی بە میدیا حیزبەکەی ڕایگەیاند " نازانرێت کەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپا دێن بۆ قەرەھەنجیر و بانی مەقان، بەڵام ئەوەمان زانیووە کە داوای گەڕانەوەی خەڵک بۆ قەرەھەنجیر کراوە، چونکە ئەو چەکدارانە نایانەوێت بێن و خەڵک لە ناوچەکەدا نەبێت، کاتێک خەڵکیش گەڕایەوە ئەوکاتە چەکدارەکان دێن، بەو ھۆیەوە تا ئێستا خەڵکێکی زۆر نەگەڕاوەتەوە قەرەھەنجیر".
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی قەرەھەنجیری پارتی وتیشی " برادەرانی یەکێتی پێشبینی ھاتنی ئەو ھێزە دەکەن، بۆیە ئامادەکارییان لە بانی مەقان کردووە و ھێزێکی زۆریان لە ناوچەکە کۆکردۆتەوە، ئێستا بە مەودای 12 کیلۆمەتر لە گوندی چیمەنەوە تا دەگاتە قەرەھەنجیر و بانی مەقان، لە پێش سوپا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی چۆڵە و ھیچ ھێزێکی پێشمەرگەیان لە پێش نییە".
بهرپرسهكهی پارتی ڕوونیکردەوە، تەنیا پۆلیسی قەرەھەنجیر بەشێوەیەکی فەرمی چەکیان پَێیە و ئاسایشی کەرکوکی یەکێتیش لە ناوچەکەدان، بەڵام تەنیا بەناو ھەن و ھیچ دەسەڵاتێکیان نییە.
سەید کەریم ساڵح ئاشكرایكرد، یەکێتی لە سنوورەکەدا وا باسی بوونی میلشیاکانی حەشدی شەعبی دەکات لە دەوروبەری قەرەھەنجیر کە سوپای عێراقە و ئەوانیش بەشێکین لە عێراق.
لە رۆژی ١٦ ی تشرینی یەکەمەوە هێزە عێراقییەکان دوای ئەوەی هەموو ناوچە جێناکۆکەکانیان لەنێویشیاندا کەرکوکیان کۆنترۆڵکرد، ئەو هێزە زۆر نزیکە لە شارۆچکەی قەرەهەنجیرەوە.