ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵی یەکێتی دەکات

بە وتەی ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ گۆڕاندا ڕاستگۆ نییە و لە سەرەتاشەوە ڕاستگۆ نەبووە.


خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، بە ماڵپەڕی باسنیوزی ڕاگەیاند: ”بزووتنەوەی گۆڕان، بەشێوەیەکی ڕاستگۆیانە و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی، بە باشیزانی ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ یەکێتیدا واژۆ بکات، دواجار بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی لە دەباشان ڕێککەوتنەکەیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لەکاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەدا نەوشیروان مستەفا بەسەرکردەکانی یەکێتی گوت، (گرنگ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە نییە، گرنگ ئەوەیە بڕگە و بەندەکانی ناو ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت)”.


ئەوەشی نەشاردەوە کە یەکێتیی بەرامبەر بەو ڕێککەووتننامەیە، ”ڕاستگۆ نەبووە" چونکە، ”ھەندێک سەرکردەی یەکێتی ئەو ڕێککەوتنەیان بە مەترسی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانی، بۆیە دوای چەند مانگێک، ڕێککەوتنە بەشێوەیەکی بەرچاو سست و لاوازی بەخۆیەوە بینی".


خەلیل سەرکانی یەکێتی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەمێکە پێشێلی بڕگە و ماددەکانی ناو ڕێککەوتنەکەی کردووە، دەشڵێت: ”ئێمە پێمان باشە بەندەکانی ناو ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت، بەڵام یەکێتی خۆی نایەتە پێشەوە و نایەوێ بەندەکانی ناو ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، بەڵکوو ڕێککەوتننامە سیاسییەکەی گۆڕان و یەکێتی لەبار براوە".

ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوەش کرد: "خودی خۆم پێم باشە بەیانی بزووتنەوەی گۆڕان، بەیاننامەیەک دەربکات و بەفەرمی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی ھەڵبوەشێنێتەوە و پێوەی پابەند نەبێت، بۆ ئەوەی سەری خۆمانی پێوە نەیەشێنین، چونکە لایەنی بەرامبەر پابەندی ڕێککەوتنەکە نییە و کێشەی بۆ درووستکردووە".



AM:11:26:30/11/2017