فوئاد مەعسوم و سەلیم جبووری کۆبوونەوە

فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق لەشاری بەغداد لەگەڵ سەلیم جبوری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق کۆبووەوە.


بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی کۆمار لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا جەخت لە گرنگیی پەلەکردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە دەرکردنی یاسای هەڵبژاردنی خولی داهاتوی پەرلەمان و گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەی بودجەی ساڵی 2018 کراوەتەوە.

راگەیەندراوەکە دەڵێت "گرنگیی پەرەپێدان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بۆ یەکلایکردنەوەی ناکۆکییەکانی ئێستا و چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان و هەنگاونان بۆ پێشەوە، لە پێناوی بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانیی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات، تەوەرەیەکی تری کۆبوونەوەکە بووە".

کۆبوونەوەی فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە سەردان و کۆبوونەوانە دێت، کە فوئاد مەعسوم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەستیپێکردووە.



PM:03:57:30/11/2017