قەرەیلان: شەڕ لە عەفرین سەتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە

موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، ئەمریکا بەفەرمی چەک بۆ یەپەگە دەنێرێت، ئەوە شتێکی شاراوە نییە، وتیشی "دەبێت تورکیا باش بزانێت، لە هێرشکردنی بۆسەر عەفرین، شەڕێک دەستپێدەکات کە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە".


ئەمڕۆ، بەبۆنەی پیرۆزبایی چلەمین ساڵیادی دامەزرانی پەکەکە، موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراساتنی گەل-هەپەگە، لەگەڵ بەشێک لە گەریلاکان کۆبووەوە و چەند پەیامێکی لە بارەی ئامادەکارییەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین و پەیوەندییەکانی نێوان یەپەگە و ئەمریکا ڕاگەیاند.

قەرەیلان لەبارەی پلانەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوا پەرەی سەندووە و بووەتە شۆڕشی باکوری سوریا، چونکە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی عەرەبیش بەشداری ئەو شۆڕشە بوون، ئێستا دەکرێت بڵێین شۆڕشی گەلانی سوریا، لەوێ ڕێبازی نەتەوەی دیموکراتی و فەلسەفەی ئۆجالان بەبنەما دەگیرێت، بەڵام ناکرێت بەوان بڵێین پەکەکە، ئەو شۆڕشە تەواوی مرۆڤایەتیی لەبەرامبەر دڕندەیی چەتەکانی داعش دا پاراست، ئێستا ئەردۆغان دەڵێت "دەبێت ئەوانە بخرێنە لیستی تیرۆرەوە"، لە کاتێکدا ئەوان کە لەبەرامبەر تیرۆری داعش و نوسرەدا شەڕیان کردووە، ئێستا هەموو جیهان دەزانێت کە یەپەگە و یەپەژە و قەسەدە لەبەرامبەر تیرۆری داعش و نوسرەدا هێزیان بونیاتناوە، تورکیا دەیەوێت هێرش بکاتە سەر یەپەگە و قەسەدە، تورکیا ئێستاش داخی ئەوەی لێدێت، کە بۆچی کۆبانێ دژی داعش بەرخۆدانی کرد، بۆچی کورد چوونە ڕەقە و خەڵکیان لە چنگی داعش ڕزگارکرد، هەموو دوژمنایەتیی دەوڵەتی تورک لەگەڵ سۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەیە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتی: تورکیا بە مەبەستی پاراستنی سەلەفییەکان چووەتە ئیدلب، بە حسابی خۆیان چوونەتە ئەوێ کە ناوچەکە لە نوسرە پاک بکەنەوە، بەڵام مەبەستی سەرەکیان نزیک بوونەوە و جێگرکردنی هێزەکانیانە لە عەفرین، تورکیا بەئاشکرا پشتگیری نوسرە و هەموو چەتەکانی سەربە قاعدە دەکات، لەم نێوانەدا ڕوسیا و سوریا چۆن چاویان دادەخەن بەسەر کردەوەکانی تورکیا دا؟ ئێران و سوریا ئەگەر دژی داعش و نوسرەن چۆنە دژی کردەوەکانی تورکیا نین لە ئیدلب؟.

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، جەختیشی کردەوە: تورکیا دەیەوێت هێرش بکاتە سەر عەفرین، با باش بزانن کە شەڕێک کە لە عەفرین دەست پێبکات، سەتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، موراد قەرەیلان ئاماژەی بەوەشکرد: تورکیا بەئاشکرا پستگیری لە داعش کرد، ئێستاش دەستی کردووە بە بانگەشەی ئەوەی کە ئەمریکا چەک دەداتە یەپەگە، بەڵێ ئەمریکا چەک دەنێرێت بۆ یەپەگە، بەڵام بە فەرمی دەینێرێت، ئەوە شتێکی شاراوە نییە، ئێستا ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی جومهورییەت لە زینداندایە، بەهۆی ئەوەی وێنەی ناردنی چەکی لەلایەن تورکیاوە بۆ نوسرە بڵاوکردەووەتەوە، بەڵام قەت ئەوەیان بۆ ناشرادرێتەوە، ئەو ڕاستییە.

قەرەیلان باسی لەوەش کرد، کە پەکەکە و یەپەگە جیان لە یەکتر، پەکەکە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەمریکاوە نییە، یەپەگە لەگەڵ ئەمریکا لە پەیوەندیدایە، ئەوەش لە چوارچێوەی شەڕی ئەمریکا و هاوپەیمانان دژی داعش ئەنجام دەدرێت، با هەمووان بزانن کە هەر ئەو سیاسەتمەدارانەی ئەمریکا کە پەیوەندییەکان بە یەپەگە و قەسەدەوە پێش دەخەن، پشتگیریی هەوڵدانەکانی تورکیا دەکەن دژی پەکەکە، هەر ئەوە بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین یەپەگە و پەکەکە جیان لە یەکتر.

ڕوونیشیکردەوە: پەکەکە پشتی بەخۆی بەستووە و هاوکاری لە کەس وەرناگرێت، هونەری پەکەکە ئەوەیە کە توانیویەتی ٤٠ ساڵە لە سەر پێی خۆی بوەستێت، پەکەکە بە هێزی ملیۆنان گەنجی قارەمان بووە بە پەکەکە، پەکەکە حەقیقەتی کۆمەڵگایە، ئەوانەی ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی بڵاوی دەکەنەوە لە درۆ زیاتر هیچ نین.

هەر لە قسەکانیدا، موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، باسی لە گۆشەگیرکردنی ئۆجەلانیش کرد و وتی: هەرچی بەسەر سەرۆکایەتی بێت ئەردۆغان و حکومەتەکەی بە بەرپرس دەزانین، دوژمن لە سەرۆک ئاپۆ و فکری ئەو دەترسێت، بۆیە گۆشەگیری قورستر کردووەتەوە، ئەگەر دەتانەوێت دوژمنایەتیش بکەن، لە دوژمنایەتی کردنتاندا تۆزێک مەرد بن، ئەوەی دژی ئیمرالی ئەنجام دەدرێت لە دەرەوەی هەموو یاساکان و ئەخلاقەکانە، ئێمە لە بەرامبەر سیستەمێکی وەها قێزەوندا وەستاوین.



PM:07:26:01/12/2017