لە ساڵی 2018دا چی ڕوودەدات؟

بە پێی راپۆرتێکی دەزگایەكی لێكۆڵینەوە ساڵی داهاتوو ئاڵۆزییەکان لە هەموو جیهان سەختتر دەبێت و چەکدارانی داعشیش لە عیراق هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت.


دەزگای ئاكابس-ی تایبەت بەلێكۆڵینەوە كە چاودێری و شیکاریی رۆژانەی دۆخی 150 وڵات دەكات و ناوەندەکەی لە جنێڤ-ە، باس لەرووداوی چاوەڕواننەکراو لەچەند وڵاتێک دەکات لە ساڵی 2018دا.

لارس بیتر نیسن، بەڕێوەبەری دەزگاكە لەو بارەیەوە رایدەگەیەنێت ئەگەر ساڵی 2017 خراپ بووبێت، ئەوا ساڵی 2018 باشتر نابێت و پێدەچێت توندوتیژی و نا ئارامی زیاتر ئەفغانستان و كۆماری كۆنگۆ و لیبیا و ئەسیوپیا و مالی و سومال و سوریا بگرێتەوە.

راپۆرتەکەی دەزگای ئاكابس باسی لەوەش کردووە كە چاوەڕێ دەكرێت هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتوو لە عیراق و ئەفغانستان و لیبیا و باشوری سودان و فەنزوێلا، "لەبری ئەوەی سەقامگیریی بهێنێتە ئاراوە، ببێتە هۆی زیادبوونی گرژی و توندوتیژی"

بەگوێرەی راپۆرتی ئەو ڕێکخراوە سەرەڕای تێكشكانی داعش لە پێگە سەرەكییەكانی لە عیراق، چاوەڕواندەکرێت داعش بەردەوامبێت لە هێرشەكانی لە ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە لە دژی حكومەتی عیراق بۆ تێكدانی سەقامگیری، هاوکات داعش هەوڵدەدات بۆ بەدەستخستنی هێز و سەرچاوەی دارایی لە باشوری لیبیا.

هەروەها لەراپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە داعش دەیەوێت شوێنی مانەوەی فراوانتر بکات لەسۆماڵ و كاریگەریی لە سەر دانیشتوانی سیڤیل دەبێت و شەڕ گەورە لەو ناوچەیە دەکات.



PM:09:55:01/12/2017