سۆران عومەر: بڕیاردەری‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق بەچەكەوە لەخورماتوو سوڕاوەتەوە بۆ تۆڵەسەندەوە

سۆران عومەر، سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات بڕیاردەری‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق كە توركومانە بەچەكەوە لەخورماتوو سوڕاوەتەوە بۆ تۆڵەسەندەوە.

ئەمڕۆ 6ی‌ كانونی‌ یەكەمی‌ 2017، لەدوو كاتی‌ جیاوازدا پرسی‌ خورماتوو تاووتوێكرا، سەرەتا لەپەرلەمانی‌ كوردستان و دواتریش لەشاری‌ سلێمانی‌ كۆبونەوەی‌ لایەنە سیاسیەكانی‌ قەزای‌ خورماتوو لەگەڵ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی كوردستان كە قائیمقامی‌ قەزاكە تیایدا ئامادەبوو، ڕاپۆرتێكی‌ ئیدارەی‌ قەزاكە لەلایەن پەرلەمانتار ساڵح فەقێ‌ تێیدا ئاماژە بەوەكرابوو خوێندرایەوە كە تیایدا هاتووە "پێكهاتەی‌ سەرەكی‌ خورماتوو كە كوردە ئاوارەبون و دۆخی‌ ژیانیان خراپەو داواكاری‌ بەپەلە دەكرێت لەڕاگرتنی‌ سوتان و تەقاندنەوەو تاڵانكردنی‌ ماڵە كوردەكان".

لەلایەكی‌ دیكەشەوە سۆران  عومەر سەرۆكی‌ لیژنەی‌ مافی‌ مرۆڤ  و هاوكات پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی‌ كوردستان چەند دیكۆمێنتێكی‌ ئاشكراكرد لەبارەی‌ خورماتوەوە و ڕایگەیاند "نیازی میعماری‌ ئۆغڵو بڕیاردەری‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق بەچەكەوە لەناو قەزای‌ خورماتودا سوڕاوەتەوە بۆ تۆڵەسەندەوە ئەو كارەیكردوەو وێنەكەی‌ گیراوە".

كۆبوونەوەكەی پەرلەمان هاوكات بوو لەگەڵ كۆبونەوەی‌ لایەنە سیاسییەكانی‌ خورماتوو لەشاری‌ سلێمانی‌ لەگەڵ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ و لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا محەمەد حەكیم، كارگێڕی ئەنجومەنی‌ سیاسی كۆمەڵ ڕایگەیاند، "لەكۆبونەوەكەدا تاووتوێی گوزەرانی‌ هاوڵاتیانی‌  خورماتوو كرا،  بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكارییەكین بۆ لێقەوماوانی‌ قەزاكە".

وتیشی "مامۆستا عەلی‌ باپیر لەسەردانەكەیدا بۆ بەغداو كۆبونەوەی‌ لەگەڵ كەسایەتی‌ و لایەنە سیاسیەكانی‌ عیراقدا باسیان لەئاساییكردنەوەی‌ قەزای‌ خورماتوو بۆ دۆخی پێشتر كراوە، بۆ ئەو مەبەستەش فراكسیۆنەكەمان لەبەغدا لەكۆبونەوەكەدا بەشداربون كە تەواوی‌ سەرنج و پێشنیازی لایەنە سیاسیەكانی‌ خورماتوو دەگەیەننە لایەنە عیراقیەكان".




PM:01:33:06/12/2017