دادگاییکردنی دەمیرتاش دەستیپێکرد

دادگاییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە دەستیپێکرد.


ئەمڕۆ و دوای زیاتر لە ساڵێک لە زیندانیکردنی، دادگایکردنى دەمیرتاش لە ناو بیناى زیندانى سینجان دەستی پێکرد و پارێزگارى ئەنقەرەش بەرێوەچوونی هەموو جۆرە چالاکی و پشتگیرییەکى بۆ دەمیرتاش و فیگەن لە ئەنقەرەدا قەدەغە کرد.

شوێنی دادگاییکردنی دەمیرتاش هەمان ئەو شوێنەدا کە دوێنێ فیگەن یوکسەکداغی تێدا دادگایى کرا.

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى هەدەپە و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکى ئەو کاتى هەدەپە لە ڕۆژى ٤ى تشرینى دووەمی ٢٠١٦ەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستگیر و زیندانیکران.

تا ئێستا داواکارى گشتیى تورکیا ٩٣ سکاڵای لە دژى دەمیرتاش تۆمارکردووە و جارێکیش داوایکردووە دەمیرتاش دوو جار زیندانى هەتاهەتایى و ٤٨٦ ساڵ زیندانى بکرێت و جارێکیتریش داوایکردووە، دەمیرتاش ١٤٢ ساڵ زیندانى بکرێت و تا ئێستاش سکاڵاکان و پرۆسەى دادگایى بەردەوامیى هەیە.

داواکارى گشتیى تورکیا داواشیکردووە، فیگەن یوکسەکداغ، کە ئێستا لە زینداى کۆجالى ڕادەگیرێت، ٨٣ ساڵ زیندانى بکرێت.

هەدەپە گەورەترین حزبى یاسایى کوردانی باکوورى کوردستان و لە هەڵبژاردنى ١ى تشرینى دووەمی ٢٠١٥دا توانیى زیاتر لە ٦ ملیۆن دەنگ و ٥٩ کورسیى پەرلەمانى تورکیا بەدەستبهێنێت.



AM:09:10:07/12/2017