ئەوروپا دژایەتی بڕیارەکەی ترەمپ دەکات

یەکێتى ئەوروپا، بڕیارەکەى ترەمپ بۆ گواستنەوەى باڵوێزخانەى ئەمریکا بۆ قودس بە بڕیارێکى خراپ ناودەبات و تەنیا یەک دەوڵەتی ئەوروپیش  پشتیوانی لێدەکات.


فیدریکا مۆگیرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاندووە، دەبێت قودس ببێتە پایتەختی هەردوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین لە داهاتوودا و ئەمە وا  دەکات کێشەکان چارەسەر ببن.

ڕاشیگەیاندووە، "هەڵوێستى یەکێتى ئەوروپا لەو ڕووەوە ڕوونە و پێمانوایە بڕیارەکەى ترەمپ لە ئێستادا  ڕۆژێکى ڕەش بە سەر ناوچەکە دێنێت و باش نییە".

ئەوەش لەکاتێکدایە کۆماری چیک کە یەکێکە لە دەوڵەتانی ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی سەبارەت بە دانپێدانانی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی چیک بڵاویکردەوە "کۆماری چیک دان دەنێت بە قودسی خۆرئاوادا وەک پایتەختی ئیسرائیل و بە هەمان شێوە قودس پایتەختی دەوڵەتی داهاتووی فەلەستین دەبێت".

بەیاننامەکە لە زاری لۆبومیر زاورالک وەزیری دەرەوەی چیکەوە ئاشکرایکردووە، گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس پشت دەبەستێت بە ئەنجامی گفتوگۆکانی براگ لەگەڵ هاوبەشە سەرەکییەکان لە ناوچەکە و جیهان.

ئەوە لە کاتێکدایە پەرلەمانی چیک لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا لە بڕیارێکدا داوای کرد دانبنرێت بەوەی قودس پایتەختی ئیسرائیلە و سەرچاوە ئیسرائیلییەکانیش بڕیارەکەیان بە مێژوویی ناوبرد.

دوێنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، قودس پایتەختی ئیسرائیلە و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد، باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بگوازێتەوە بۆ قودس وتیشی "بڕیارى داننان بە قودسدا وەک پایتەختی ئیسرائیل، زۆر دواکەوتووە".

ئەوەش بووە مایەی نیگەرانی و ناڕەزایی بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان و عەرەبی و ئیسلامی و ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو بڕیارەی ئەمریکا ڕەوشی ناوچەکە و پرۆسەی ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاڵۆزتر دەکات.



PM:06:06:07/12/2017