وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: شێرکۆ جەودەت‌و عەلی حەمە ساڵح ئاژاوەچین

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان، لە ڕوونكردنه‌وەیەکدا ئەو زانیاریانەی هەردوو پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح و شێرکۆ جەودەت لەسەر دانی بەرمیلێک نەوتی شیخان بە ١٨ $ رەتدەکاتەوەو دەڵێت" راست نییەو ئەو دوو پەرلەمانتارە ئاژاوەچین".
‌ 
ئه‌مڕۆ هەینی، کە لەکوردستان رۆژێکی پشووە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی لێدوانی هەردوو"عەلی حەمەساڵح" په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و "شێرکۆ جەودەت" په‌رله‌مانتاری یه‌كگترووی ئیسلامی بڵاو کردەوە، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئێمە وەك وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان سەرتاپای ئەم ھەواڵە رەتدەکەینەوە و دوورە لە راستی و بەشێوەیەکی بێبنەما وروژێنراوە.

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌ روونکردنەوەکەیدا باس لەوە دەکات، "بەپێی فەرمانی وەزاریمان ژمارە 6884 لە پێنجی كانوونی یه‌كه‌می 2017دا ئەم نەوتە بە نرخی (برێنت - 18) دۆلار فرۆشراوە، واتە نرخی برێنت چەند بێت بە 18 دۆلار کەمتره‌، بۆ نموونە ئەگەر نرخی برێنت 63 دۆلار بێت لە بازاڕی جیھاندا، واتا بە 45 دۆلار فرۆشراوە، ئەم نرخە لە بەرژەوەندیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و لەبەر کوالیتی نەوتە خاوەکە کە قورسە و کبریتی  تێدایە".

ئەو وازارەتە دەڵێت " تێچووی گواستنەوەی بۆ ھەناردەکردن بۆ دەرەوەی وڵاتیش ئەم نرخە ناکات، بەڵکو لە بەندەری جەیھانیش (برێنت - 20) دۆلار دەکات، واتە بۆ ئێمە دوو دۆلار باشترە، ھەر لەبەر ئەمەش کڕیارە ناوخۆییەکە بەشێوەی قەرزی کاش وەریگرتووە و کۆمپانیای بەرھەمھێنەریش ئاگادارە".

ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ په‌یامێك ده‌داته‌ هه‌ردوو په‌رله‌مانتار و بۆی نووسیون، باشتر وابوو ئەو دوو پەرلەمانتارە پرسیاریان لە وەزارەتمان بکردایە تا وەڵامیان دەست دەکەوت، نەك تەنیا بە مەبەستی "ئاژاوەچێتی" و "سەرلێشێواندن"ی ھاووڵاتییان بێت کە بەداخەوە ھێشتا بەردەوامن لەسەر ئەم رەفتارانەیان لەم قەیرانەدا، کە لە مەبەستی نووسراوەکانمان تێ ناگەن و نایانەوێت تێ بگەن و بەشێوەی ھەڵە لێکی دەدەنەوە و بڵاوی دەکەنەوە.
د. شێرکۆ جەودەت و عەلی حەمە ساڵح لە دوو لێدوانی جیادا باس لەوە دەکەن، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان تەنیا بە 18 دۆلار لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە فرۆشراوە.



PM:09:02:08/12/2017