کەنەکە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی باشوورەوە بڵاوکردەوە

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ڕاگەیەندراوێکی لەسەر دۆخی باشوری کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت "بەدەر لە سیاسەتی نا دروستی حکومەتی بەغدا بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە نەخوازراوەی کە بەسەر هاونیشتمانیاندا هاتووە لە ئەستۆی حکومەتی باشوری کوردستانە".


لە ڕاگەیەندراوەکەی "کەنەکە" کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا نێردراوە تیایدا هاتووە "هوشیاریی دەدەین لەمەترسیەکانی سەرلەنوێ ئەنجامدانی تاوانی راگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری کەرکوک".

دەقی راگەیەنراوەکە:

لەسەر رەوشی باشوری کوردستان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ( ک ن ک) لەباشوری کوردستان بەنیگەرانیەوە دەڕوانێتە رەوشی ئابوریی و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان. لەو روانگەیەوە بەدەر لە سیاسەتی نا دروستی حکومەتی بەغدا بەرامبەر بە باشوری کوردستان بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە نەخوازراوەی کە بەسەر هاونیشتمانیاندا هاتووە لە باری ژیان و گوزەران و سەختی ژیان و ناڕوونی ئایندەیان دەخاتە ئەستۆی حکومەتی باشوری کوردستان هەر لەنەبوونی بەرنامەی کرداریی لە شەفافیەت لەسامان و داهات و نەبوونی بەرنامەیەک بۆ چاکسازیی راستەقینەو بەدەنگەوە هاتن بۆچارەسەری کێشەکانی خەڵک و خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەییەکان.
سەرباری ئەم دۆخە ناهەموارە نەبوونی یەکێتی و هەماهەنگی نێوان لایەنەکان بۆ دەربازکردنی خەڵکەکە لەم رەوشە خراپەو ئەو پەرت پەرتکردنەی کۆمەڵگا لەبەر ئەنجامی ئەو مۆدێلە سیاسیە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تەسک داڕێژراوە هێندەی تر باری دەروونی خەڵکەکەی گرانتر کردوە.
لەم سۆنگەیەوە نوێنەرایەتی باشوری کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان لەم بارەوە هوشیاریی دەدات و بەپێویستی دەزانێت کە:
یەکەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزوویی و بەجدی بەتەنگی ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە بچێت، بە گرتنەبەری سیاسەتێکی شەفافی ئابوریی و  داهات و مووچەی مووچخۆران دابین بکات و قەرزەکانیشیان بداتەوەو چیتر سزای خەڵکی کوردستان نەدات بەو سیاسەتە ناروون و نادادپەروەرە.
دووەم: پێویستە حکومەتی هەرێم دەست بکات بەچاکسازیی بنەڕەتی و رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە ئەویش بە رووبەڕووکردنەوەی ئەو کاربەدەستانەی تۆمەتباری گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتین.
سێیەم: ئەو رەوشە خراپەی شاری خورماتوو بەتایبەت و ناوچە داگیرکراوەکانی دوای ۱٦ی ئۆکتۆبەر لێمان دەخوازێ بانگەوازیی بەهاناوەچوونی بەپەلەی ئاوارەو خەڵکە لێقەوماوەکانی ئەو ناوچانە بکەین و داواکارین سازیی و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ و هەردوو حکومەتی بەغداو حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی کوردستان لە حکومەتی بەغداو لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەپیرەوەچوونیان هەبێ بۆ چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای گێڕانەوەی ماف بۆ مافزەوتکراوان و چیتر خۆیان نەدزنەوە لەبەرپرسیارێتی.
چوارەم: بەتوندی ئیدانەی هەموو ئەو پێشلکاریی و تاوانانە دەکەین  کەلە خورماتوو لە ئاوارەکردنی هاوڵاتیان ئەنجام دراون هەروەها سوتاندنی ماڵ و دوکانیان، بۆمبارنکردنی کامپی مەخمورو شەهیدو بریندارکردنی دانیشتوانەکەی کە لەژێرچاودێری نەتەوە یەکگرتوەکاندا بوون بەتاوانێکی گەورە دەزانین و بەرپرسیارێتی ئەو تاوانە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی بەغداو رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کردنەوەی دۆسیە لەبەرامبەر تاونبارانی ئەنجامدەری ئەو کارەساتە گەورەیە.
پێنجەم: هوشیاریی دەدەین لەمەترسیەکانی سەرلەنوێ ئەنجامدانی تاوانی راگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری کەرکوک، کە ئێستا پەیڕەو دەکرێت لەو شارە کوردستانیە. ئەم رەفتارە دژی بنەماکانی پێکەوە ژیان و ئاشتی کۆمەڵاتیەو دژی بنەماکانی دەستوری بنچینەییە.
شەشەم:پەیاممان ئاراستەی سەرجەم هاوڵاتیانی گەلەکەمان دەکەین بە هوشیاریەوە بڕواننە بارودۆخەکەو بانگەوازیی هاوبەشی لە راپەڕاندنی ئەرکە نەتەوەییەکان دەکەین و ئامادەیی خۆمان بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی دەردەبڕین بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە خراپەو کارکردن بۆ بەجێهێنانی ئەرکەکانی ئەو خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە.
دڵنییابوونمان لە گەورەیی ئیرادەی گەل سەرچاوەی ئومێدی زاڵبوونە بەسەر ئەم دۆخە نەخوازراوەی کە داگیرکەرانی کوردستان و نەبوونی ستراتیژیی نیشتمانیی و نەتەوەیی لەلایەن حوکمڕانانی باشوری کوردستانەوە دروستیان کردوە.
پێویستە ئیدی ئەڵتەرناتیڤ بۆ دۆخی قەیراناوی و شکستخواردوو  هەبێت، پێوستە حکومەتێکی جەسوور و پارلەمانێکی بە ئیرادەو پڕ لە وزە بکەوێتە کار بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی لەچاودێریکردنی راستەقینەو فشارخستنە سەر حکومەت بۆ پابەندبوون بەیاساو بڕیارەکان.
گەلی باشوور هەرگیز شایانی ئەوەنین شکۆو شانازیی نەتەوەییان بشکێنرێت. ژنان و پیاوانی باشوور توانای ئەوەیان هەیە بەسەرکەوتووی خۆیان بەڕێوەببەن و سەربەرزی و شکۆی گەلەکەشیان بپارێزن.
نوێنەرایەتی باشوری (ک ن ک) بە گرنگیەوە دەڕوانێتە پشتیوانی کوردستانیانی دڵسۆز بۆ خەباتی رەوای گەلەکەمان لەباکورو رژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان و برەودان بەخەباتی هاوبەش لەنێوان هەموو پێکهاتەکانیدا.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
نوێنەرایەتی باشوور
۸/۱۲/۲٠۱۷



PM:11:20:08/12/2017