سەرۆکی دەستەی نەزاهە: ١٧٠کەیسی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە "

حاكم ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی نەزاهەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە" لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 170 كەیسی گەندەڵی لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی دەستەی نەزاهە لێكۆڵینەوەیان لەسەركراوەو هێندەی ئەو ژمارەیەش گەیشتونەتە دەستەكە كە لەپێش قۆناغی لێكۆڵینەوە بوون كەیسی گەندەڵیەكانیش تا ئاستی بریكاری وەزیری تێدایە".

سەرۆكی دەستەی نەزاهەی حكومەتی هەرێمی لەو چاوپێکەوتنەدا تیشک دەخاتە سەر رێگرییەکان و دەڵێت " ڕێگری زۆرە بۆ نمونە ئێمە كە دەمانەوێت داتایەك وەربگرین ئەوەی وەریدەگرین ڕێژەیەكی كەمە لەو گەندەڵیەی كەهەیە، هەروەها بەدەمەوەهاتنی دامودەزگا جێ بەجێ كارییەكان بۆ جێ بەجێ كردنی بڕیارەكانی ئێمە وەك پێویست نیە، هەروەها نەبوونی دادگایەكی تایبەت بۆ دادگایی كردنی كەیسی گەندەڵییەكان بۆ نمونە كەیسی واهەیە(٦-٨)مانگ لەدادگا دەمێنێتەوە ئەمەش تەنها بەهۆی نەبوونی دادگای تایبەتەوە".

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو:" لەهەرسێ پارێزگاكەی هەرێم سێ بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان هەیە كەمی ژمارەی لێكۆڵەرەكانیش تایبەت بەكەیسی گەندەڵی یەكێكی ترە لەگرفتەكانمان، 16 بۆ 17 لێكۆڵەرمان تایبەت بەگەندەڵی هەیە لەكاتێكدا پێویستمان بە 100 بۆ 150 لێكۆڵەر هەیە".
دەربارەی ژمارەی ئەو بەرپرسانەی كەدراونەتە دادگا و دەستیان پێ لەكاركێشراوەتەوە،حاكم ئەحمەد وتی:" ژمارەیەكی زۆری بەرپرس هەن لەوەكیل وەزیر و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتین لەهەرسێ پارێزگاكە، وەزیرەكانی پێشووی تێدا هەیە، بەڵام وەزیرەكانی ئێستا دۆسیەیان نیە، هەرچەندە وەزیر هەیە دۆسیە و زانیاری لەسەر هەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە قۆناغی لێكۆڵینەوە."

 




AM:11:09:09/12/2017