عێراق پێشینەی سێ ملیۆن دینار دەداتە خانەنشینان

بانکی رافیدەینی حکومی لە عێراق ڕایگەیاند سێ ملیۆن دینار وەکو پێشینە بۆ زیاتر لە دوو هەزار و ٤٠٠ خانەنشین خەرج دەکات.


نوسینگەی راگەیاندنی بانکی رافیدەین جەختی لەوە ڕایگەیاندووە "مامەڵەی دوو هەزار و ٤٠٠ خانەنشینی تەواوکردووە کە داوای وەرگرتنی سێ ملیۆن دینار پێشینەیان کردووە.

روونشیکردووەتەوە: میکانیزمی نوێیان بۆ شێوازی خەرجکردنی پێشینە داناوە، کە پێویست دەکات لەسەر ئەو کەسەی داوای پێشینەکە دەکات، سەردانی یەکێک لە لقەکانی بانکی رافیدەین بکات بەمەبەستی دڵنیابوون لەوەی وەرگرتنی پێشینە دەیگرێتەوە یاخود نا، دواتر دەتوانێت فایلی ئەلکترۆنی لەو بارەیەوە پڕبکاتەوە.

دوای ئەو دوو هەنگاوەش خانەشینکراوەکە بە نامەیەک لە پەسەندکردنی داواکارییەکەی ئاگاداردەکرێتەوە و هەرکات بیەوێت دەتوانێت پارەکە لە بانک رابکێشێت.

وێرای قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، هەردوو بانکی رافیدەین و رەشیدی حکومی بەردەوامن لە خەرجکردنی پێشینە بۆ فەرمانبەران و دەرمانساز و پزیشک و توێژەر و خانەنشین و خەرجکردنی پێشینەی خانوبەرە و هاوسەرگیری.



PM:02:49:09/12/2017