دەستەی دەستپاكی هەرێم لەبارەی پڕۆسەی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی لەهەرێم هاتە دەنگ و سەرۆكی دەستەكەش ڕایدەگەیەنێت، "ساڵی ٢٠١٨ ساڵی ئەنجامدانی چاكسازیی ڕیشەیی دەبێت لەهەرێم".
ئەمڕۆ یەكشەممە د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم لە كۆنفرانسێكی هەواڵیدا ڕایگەیاند "لە ئێستادا ١٩٧ داوای هەواڵدەر و ١٧٨ داوای سزاییمان هەیە، لەماوەی ڕابردووشدا ١٢٣ كەیسی گەندەڵی ڕەوانەی دادگاكان كراون و ٣٩ كەیسیان حوكمی كۆتایی تێدا دراوە".
ڕاشیگەیاند، لەو ٣٩ كەیسە، ١٨ كەیسیان حوكمی ئیدانە و سزای زیندانی تێدایە كە لە چەند مانگێكەوە هەتا هەشت ساڵ دەستپێدەكات، هەروەها لە ئێستاشدا ٥٧ كەیس لە قۆناغی دادگاییكردندا ماونەتەوە.
ناوبراو لەبارەی لێبوردنی گشتییەوە وتیشی "ڕای خۆمان گەیاندە پەرلەمان، لێبوردنی گشتی كاریگەری نەرێنی لەسەر سەروەری یاسا دروستدەكات، لەجیاتی ئەوە دەبێت سیستمێكی هاوچەرخ بۆ لێبوردنی گشتی دابڕێژێت و سیستمی سزایی جارێكی تر دابڕێژێتەوە".
ئاماژەی بەوەش كرد، لە هەموو هەرێم تەنیا ١٨ لێكۆڵەریان هەیە لەكاتێكدایە پێویستیان بە زیاتر لە ١٠٠ لێكۆڵەر هەیە.
د.ئەحمەد ئەنوەر ڕاشیگەیاند، "پێشتر بەهۆی دۆخی سیاسییەوە، هەنگاوەكانی دەستەكەیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی بەخاوی بەڕێوەچوە، بەڵام ساڵی ٢٠١٨ ساڵی ئەنجامدانی چاكسازیی ڕیشەیی دەبێت لەهەرێم و سەرجەم دەسەڵاتەكانیش هاوكارمان دەبن و پێویستیشمان بەكۆدەنگی نیشتیمانی هەیە".
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەكرد ئێستا دەستەكەیان سەرقاڵی پڕۆسەی وردبینیكردنە لەبڕوانامە باڵاكانی زانكۆ حكومیەكانی هەرێم و بۆ كەرت و سێكتەرەكانی تریش بەردەوامدەبن، وتیشی كار لەمەلەفی براوانامەی دكتۆرادا دەكەن كە هەندێك لەبڕوانامەكان گومانیان لەسەرەو ئێستاش 376 فایلیان لەبەردەستەو لێكۆڵینەوەی تێدادەكەن.