" بارزانی لە پشتی پەردەوە سەرۆکی هەرێمە"

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە نزیکەی مانگ و نیوێکە بەفەرمی دەستبەرداری پۆستەکەی بووە، بەڵام تا ئێستا لە پشت پەردەوە کارەکانی سەرۆکی هەرێم ئەنجام دەدات.

 بارزانی کە دوای ١٢ ساڵ لە رۆژی ٢٩ تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بە فەرمی دەستی لە پۆستەکەی بەرداو، پەرلەمانی کوردستان کوردستان دەسەڵاتەکانی بە سەر سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەماندا دابەشکرد، تا ئێستا لە پشتی پەردەوە پیادەی دەسەڵاتەکانی دەکات. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند، کارکردنی بارزانی لە پشتی پەردەوە تەنها لەیەک جومگەدا نەوەستاوەتەوە، بەڵکو لە زۆر بواردا لە پشتی پەردەوە کاردەکات، هەندێک لەو کارانە خۆی دەیکات، بەشێکی تری لە رێگای سەرۆکایەتی هەرێمەوە، یان لە رێگای کوڕەکەی، مەسرور بارزانی یەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە پۆستی سەرۆک "سڕکراوە"و دەسەڵاتەکانی بەپێی یاسا دابەشکراوە. 

وەک لە راگەیاندنە رۆژنامەوانییەکان و میدیاکان بڵاودەکرێتەوە، لەزۆربەی دیدارە گرنگەکانی سەرۆکی حکومەت کە لەمانگی رابردوو لەگەڵ باڵوێزی ئەمەریکا و وڵاتانی تر و لەدوا گەشتیدا بۆ فەرەنساو کۆبوونەوەی لەگەڵ ماکرۆن ٢ کانونی یەکەم لە کۆشکی ئەلێزێ سازکرا، فواد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بەشداری کۆبوونەوەکانی کردووە، سەرچاوەکەی سپی، هێمای بۆ ئەوە کرد" هۆکاری بەشداریکردنی د.فواد حسین لەو کۆبوونەوانەدا چی یە، ئەگەر بۆ گەیاندنی رای مەسعود بارزانی و وەرگرتنی زانیاری کۆبوونەوەکان نەبێت بۆ بارزانی، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ بەشداری دەکات، بەپێی کام یاسای هەرێمی کوردستان دەبێت فەرمانبەرێکی هەرێم کە سەرۆکەکەی لە پۆستەکەدا نەماوە، ئەم بەشداری کۆبوونەوە لوتکەکانی ئەم هەرێمە بکات؟".

 بەپێی زانیارییەکانی سپی، مەسعود بارزانی لەدوای وازهێنانیشی لە پۆستەکەی بەردەوامە لە کۆبوونەوەکردن بە نهێنی لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە لە هێزەکانی هەشتاو هەفتەی پێشووش هەردو فەرماندەی هێزەکانی حەفتای یەکێتی شێخ جعفەر مستەفا و مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بینی و لەگەڵیاندا کۆبووەوە. 

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کە مەسرور بارزانی کەسی یەکەمی ئەو دەزگا ئەمنییەیەو، بەپلەی راوێژکاری سەرۆکایەتی ئەو دەزگایە دەکات، پێش " سڕکردنی " پۆستی سەرۆکی هەرێم بەپێی یاسا ئەو پۆستە لەلایەن سەرۆکای هەرێمەوە سەرپەرشتی دەکرا، بەڵام لە رۆژی ٢٩ تشرینی یەکەمەوە لە گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان، دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم لەو بوارەدا درا بە سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەرچاوەکەی سپی باس لەوە دەکات کە مەسرور بارزانی تا ئێستا چەند کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکایەتی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیراندا کردووە، ئایا نێچیرڤان بارزانی ئەو دەسەڵاتانەی سەرۆکی هەرێمی بەکارهێناوەو مەسرور بارزانی و هێزەکانیان لە ژێر رکێفی سەرۆکی حکومەتدایە. 

سەرچاوەکەی سپی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پوختەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، پێشمەرگە لە رێگای فەرماندەکان، پەیوەندیەکانی دەرەوە لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەکانی دەرەوە، ئاسایش لە رێگای راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە، تا ئێستا هەموویان لەدەست بارزانیدا ماونەتەوەو لە پشت پەردەوە کارەکانی بەڕێوەدەبات.

 دوای ١٢ ساڵ لە حوکمڕانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم، ٢٩ تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمانی کوردستان، بارزانی دەستلەکاركێشانەوەی خۆی لەو پۆستەدا راگەیاند.
ئا: سپی



PM:08:19:11/12/2017