ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای کەلار- خانەقین ڕوداوێکی هاتووچۆ لە نێوان ٣ ئۆتۆمبێلدا ڕوویدا و بەهۆیەوە ۱٨ کەس بوونە قوربانی.
عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕوداوەکە لەسەر ڕێگای کەلار – خانەقین لە نێوان ٣ ئۆتۆمبێلی جۆرەکانی بی ئێم دەبلیو و هیۆندا سۆناتا و مینی پاسێکدا بووە، بەهۆی ڕوداوەکەشەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و ١٧ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، سەرنشینانی مینی پاسەکە خوێندکاری کۆلێژی وەرزشی گەرمیان بوون و لە قەزای خانەقینەوە گەڕاونەتەوە بۆ کەلار.
ڕونیشیکردەوە سەرجەم بریندارەکان ڕەوانەی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید هەژار کراون لە کەلار، بەڵام ٣ کەسیان برینەکانیان سەختە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون و تەرمی شۆفێرەکەش ڕەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای خانەقین کراوە.