بەرپرسێکی گۆڕان داوای سڕکردنی ڕێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان دەکات

عوسمانی حاجی مەحمود، کشانەوە لە حکومەت و بوون بە ئۆپۆزسیۆن بە پێویست دەزانێت، داواشدەکات ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی سڕبکرێت.


عوسمانی حاجی مەحمود، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە، کشانەوە لە حکومەت و بوون بە ئۆپۆزسیۆن، هەرچەندە درەنگ وەختە، بەڵام پێویست و ئیجابییە.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان داوا لە جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەکە دەکات، لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بڕیاری هەڵپەساردن و سڕکردنی ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی بدات، تا ئەوکاتەی لای سەرکردایەتی و خاوەن بڕیارەکانی یەکێتی، ئیرادە و بڕیاری جدیی دروست دەبێت بۆ جێبەجێکردنی.

عوسمانی حاجی مەحمود جەختیشیکردەوەتەوە، سڕکردنی ڕێککەوتنەکە بەمانای کۆتایی هێنان نییە بە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ یەکێتی، بەڵام هیچ هۆکارێک نییە بۆ مانەوەی ڕێککەوتنەکە بەم شێوەیەی ئێستا و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەش



PM:08:00:13/12/2017