شۆڕش حاجی: ئێستا کاتی گۆڕانە

شۆڕش حاجی رایگەیاند ریفراندۆمەکەی پارتی‌و یەکێتی کارەساتێکی لە ئاشبەتاڵی ساڵی 1975 گەورەتری بەسەر گەلەکەمان‌و جوڵانەوەی رزگاریخوازیی کورد داهێنا، دەشڵێت "ئێستا كاتی گۆڕانە"


شۆرش حاجی، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك لەنوسینێكدا لەژێر ناوی "كاتی گۆڕانە" رایگەیاند "بێباکی دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی‌ بەرامبەر ئەو هەمو قەیرانەی، کە لە ئەنجامی شکستی 26 ساڵ حوکمڕانی ئەوان بەرۆکی هەرێمی کوردستان‌و هاوڵاتیانی گرتوە، سوکایەتیکردنە بە خەڵکی کوردستان".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "ئێستا رێژەی بێ کاری‌و خراپی بژێوی هاوڵاتیان‌و کەمی خزمەتگوزارییەکان‌و رادەی نائومێدی خەڵکی کوردستان لە پەنجا ساڵی رابردو زیاترە".

وتوشیەتی "سەرەڕای ئەمانەش، بەپێی قسەی پارتی‌و یەکێتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە بیست ملیار دۆلار قەرزارە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سامان‌و داهاتی بەشێکی بەرپرسانی هەرێم لە هی زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان زۆرترە".

ئاماژەی بەوەشداوە كە بەم دواییەش دەرهاویشتەکانی ریفراندۆمەکەی پارتی‌و یەکێتی کارەساتێکی لە ئاشبەتاڵی ساڵی 1975 گەورەتری بەسەر گەلەکەمان‌و جوڵانەوەی رزگاریخوازیی کورد داهێنا.

لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە "بزوتنەوەی گۆڕان‌ وەک هێزێکی بەرپرسیار بە پەرۆشەوە مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخی کوردستان کردوە. هەر بۆیە تا ئێستا هەوڵیداوە بە دایەلۆگ‌و لە رێگای پێشکەشکردنی پرۆژەوە چارەسەری کێشەکانی هەرێم بکرێت. هاوڵاتیانی کوردستانیش هەمو جۆرە ستەم‌و نارەحەتییەکیان لە حوکمڕانی خۆماڵی قبوڵ کردوە، چونکە پەرۆشی ئێستاو ئایندەی کوردستانن".

هەروەها دەڵێت "دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی ئیستیغلالی ئەو دڵسۆزییەی گۆڕان‌و ئەو پەرۆشییەی خەڵکی کوردستانیان کردوەو گوێیان لە داخوازییەکانیان نەگرتوە، بەڵکو بیریان لە مانەوەی خۆیان لەسەر کورسی دەسەڵات‌و زیاتر تاڵانکردنی سامانی وڵات کردۆتەوە. دو مانگ دوای کارەساتی 16ی ئۆکتۆبەر دەسەڵاتدارە شکستخواردوەکەی پارتی‌و یەکێتی ئێستاش ئامادە نین دان بە هەڵەکانیاندا بنێن‌و دەسەڵات جێبهێڵن".


وتوشیەتی "بۆیە ئێستا مافی هاوڵاتیانی کوردستانە کە هەر رێگایەک بگرنە بەر بۆ کۆتاییهێنان بەو نەهامەتیانەی توشی بون. ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕانیشە پشتیوانی لەهاوڵاتیان بکات، چونکە هەمو رێگایەکی لەگەڵ دەسەڵات تاقیکردەوە‌ بەڵام دەسەڵات ئامادە نەبو کێشەکان چارەسەر بکات".



PM:09:29:13/12/2017