دەوڵەتی یاسا: قبوڵ ناكەین داهاتی پارێزگاكانی باشوور بۆ هەرێمی كوردستان بچێت

دەوڵەتی یاسا، پێشنیازی زیادكردنی پارەی پترۆدۆلار بۆ پارێزگا نەوتییەكان دەكات، پەرلەمانتارێكی ئەو كوتلەیەش رایدەگەیەنێت "چیتر قبوڵ ناكەین داهاتی پارێزگاكانی باشوور بۆ هەرێمی كوردستان بچێت".


زەینەب خەزرەجی،  پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند:" بەهیچ شێویەك رازی نابین یاسای بودجەی عیراق تێپەڕێندرێت ئەگەر مافی پارێزگا نەوتییەكان لە پارەی پترۆ دۆلار جێگیر نەكرێت.

وتیشی: پێویستە بۆ هەر بەرمیلێك نەوت (5) دۆلار بۆ ئەو پارێزگایە دیاری بكرێت كە نەوتەكەی لێ بەرهەمدەهێنرێت و چیتر بێدەنگ نابین و رازی نابین مافی هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایانە بخورێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد پارێزگا نەوتییەكان مافی خۆیانە سود لە سامانی خۆیان وەرگرن و سازش نەكەن لەسەر ئەوەی پارەی نەوتەكەیان رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت، لەبەرامبەردا هەرێم بەبێ رەزامەندی بەغدا، نەوتەكەی خۆی بفرۆشێت و نەزانرێت پارەكەی بۆ كوێ‌ دەڕوات و بۆ كوێ‌ هەناردە دەكرێت.



PM:06:21:14/12/2017