پەرلەمانتارێک: پارتی و وەزارەتی دارایی بودجەی هێزەكانی یەكەی 80 ئاشكرا ناكەن

پەرلەمانتارێكی یەکێتی رایدەگەیەنێت، وەزارەتی دارایی بودجەی وەزارەتی پێشمەرگەو هێزەكانی یەكەی 70ی ئەو وەزارەتەی كەمكردۆتەوە، بەڵام "وەزارەتەكەو پارتی دیموكراتی كوردستانیش بودجەی هێزەكانی یەكەی 80 ئاشكرا ناكەن".


قادر رەزگەیی، ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان  بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە " بەپێی ئەوەی لەمەودوا مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە، بەتایبەت ئەفسەرو پلەدارانی ئەو وەزارەتە بەڕێژەی 33% بۆ 38%، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بڕی كەمكردنەوەی بودجەی وەزارەت و لیوا هاوبەشەكان و یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگە دیاریكراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بودجەی یەكەی 80ی هێزی پێشمەرگە كە سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستانە ئاشكرانەكراوەو بودجەكەی لەبودجەی هێزەكانی یەكەكەی 70 زیاتر كەمكردنەوەكەی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دیاری نەكراوەو ئەوەش گومانی گەندەڵی لەناو ئەو هێزانەدا زیاتر دەكات".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی دەڵێت "بودجەی هێزەكانی یەكەی 70ی پێشمەرگە كە هێزەكانی 70و هێزەكانی پشتیوانی دوو، دەزگای تەندروستی پێشمەرگەو دەزگای پێشمەرگە دێرینەكان دەگرێتەوە بودجەكەیان لە 45 ملیارو 800 ملیۆن دینارەوە بۆ 28 ملیارو 850 ملیۆن دینار كەمكراوەتەوەو لەسەر بنەمای ئەو بودجەیە دەبێت بەپێی میكانیزمەكە پاشەكەوت دەكرێت و لەپلەدارەوە تا نائیب عەریف دەگرێتەوەو لەوانەشە بەهۆی زۆری كەمكردنەوەی بودجەكەوە بگاتە پێشمەرگەیەكی ئاسایی كە بە (جندی الاول) ناسراوە".

ئەوەشی خستەڕوو: بودجەی وەزارەتی پێشمەرگەش كە دیوانی وەزارەت و لیوا هاوبەشەكان لەخۆ دەگرێت لە 36 ملیار دینارەوە بۆ 22 تا 23 ملیار دینار كەكراوەتەوە تا میكانزیمی پاشەكەوتی مووچە لەسەریان جێبەجێبكرێت.



PM:07:08:14/12/2017