داوای ڕووخاندنی حکومەت و بەپەلە هەڵبژاردن دەکرێت

جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت "حکومەتی ھەرێم دەبێت بڕوخێت" و دەستبەجێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت" و ڕاشیگەیاندووە "دەسەڵات بسپێردرێتە دەستی نەوەیەکی نوێی سیاسی".


جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دوای شکستی یەکجاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ئێستادا ئەم حکومەتە توانای دابینکردنی گوزەرانێکی شایستە و خزمەتگوزاریە بنچینەییەکان و موچەی فەرمانبەرانی نەماوە. لە کاتێکدا کە خەڵك ناتوانن ھیچیتر بەرگەی ئەم بارودۆخە قورسە بگرن، بۆیە پێشبینی خۆپیشاندانی فراوانی فەرمانبەران و چین و توێژە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان لە دژی حکومەت دەکرێت".

ڕاشیگەیاندووە "سەرەڕای ئەوەی کە نەوەی نوێ بە هەمو توانایاوە  پشتگیری تەواوی  خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات لە چەند رۆژی داهاتودا ،  پێمانوایە کە پێویستە نارەزایەتیەکان بە ئاراستەی روخاندنی ئەم حکومەتە و ئەم دەسەڵاتە رێکبخرێت و ھیچیتر قەدەر و چارەنوسی ئەم خەڵکە نەسپێرین بەو حیزب و سیاسیە تەقلیدیانەی کە دواشت بیری لیبکەنەوە ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیانە".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە "حکومەتی ھەرێم دەبێت بڕوخێت و دەستبەجێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و  دەسەڵات بسپێردرێتە دەستی نەوەیەکی نوێی سیاسی کە بەشێك نەبن لە ٢٦ ساڵی حوکمڕانی ھەرێم و ئەو شکست و کارەساتانەی بەسەر گەلەکەماندا ھێنران".

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە " بەهەمو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی رادەگەێنین کە هەمو تواناکانیان بخەنە گەر و یەکی بخەن لە پێناو ئەنجامدانی گۆڕانکاری گەورە لە زوترین کاتدا و بەرپاکردنی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە کوردستان".

ئەوە دوای ئەودێت ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی ئێن ئاڕتیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای لە بەشێک لە حزبەکان و هاوڵاتیانی  هەرێم کرد ئامادەکاری بکەن بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری و ڕایگەیاند "خراپی دۆخی گوزەرانی خەڵک لە ئاستێکدایە چیتر توانای دان بەخۆداگرتنیان نەماوە".



PM:10:53:14/12/2017