سوپاى تورکیا لە ناوچەى شەمزینانى سەر بە پارێزگاى جولەمێرگەوە هاتوونەتە خاکى هەرێمى کوردستانەوە و شەش سەربازیان لێ کوژراوە.
ئاژانسى فورات نیوزى نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە، سوپاى تورکیا کاتژمێر ١٠ى شەوى ڕابردوو دەستیان بە جموجۆڵ کردووە، لە هەمان کاتیشدا فڕۆکەکانى تورکیا بنارى چیاى عەڤدل کۆڤى و سرۆ و گەلى ڕەشیان لە هەرێمى خواکورک بۆردومان کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، گەریلاکانى پەکەکە ڕوبەڕوى هێزەکەى تورکیا بوونەتەوە و لە ئاکامدا شەش سەرباز کوژراون، دەشڵێت، سوپاى تورکیا دەیەوێت لە خاکى هەرێمدا بارەگا و بنکەى سەربازیى دیکە دروست بکات.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر فڕۆکەکانى تورکیا دەوروبەرى گوندى بەرمێزەیان لە سنورى نێوان هەرێم و باکورى کوردستان بۆردومان کرد و لە ئاکامدا هاوڵاتییەک شەهید بوو.