فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان کە ئاری هەرسین، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی ڕایگەیاندووە و تا ئێستا هەرخۆی ئەندامە تیایدا ووتەکانی دوێنێی سەرۆکی پەرلەمان بە "ئینقیلاب" ناودەبات.
فراکسیۆنی نەتەوەیی ڕاشیگەیاندووە "ئەم مەسەلانە ئەوەندەی پەیوەندی بە پلە و پۆستی شەخسیەوە ھەیە، چارەکە ئەوەندەش پەیوەندی بە بژێوی ژیانی خەڵک و نەھامەتیەکانیانەوە نیە".
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
ھاوڵاتیانی ئازیزی کوردستان، ھەر لە سەروبەندی پڕۆسەی ڕێفراندۆمەوە ھەتا ئێستا، باس لە ھەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ئێستای ھەرێمی کوردستان ئەکرێت، دوا لێدوانیش لەسەر ئەم بابەتە و (ئینقیلاب) لە دژ حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لایەن بەڕێز سەرۆکی پارلەمانی کوردستانەوە درا.
ئەم مەسەلانە ئەوەندەی پەیوەندی بە پلە و پۆستی شەخسیەوە ھەیە، چارەکە ئەوەندەش پەیوەندی بە بژێوی ژیانی خەڵک و نەھامەتیەکانیانەوە نیە. ھەر بۆیەش بە پێویستی دەزانین ھەڵوێستی خۆمان لەو بارەیەوە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا بۆ ڕای گشتی بخەینەڕو
یەکەم: ھەل و مەرجی سیاسی، ئابوری، سەربازی ھەرێمی کوردستان بە جۆرێکە کە ئەگەر ھەردەموچاوێکی تر بێنە شوێنی ئەم کەرەکتەرانەی ئێستا، دەبێت عەسای سیحریان پێبێت... ئەگینا نە ئەتوانن مووچەی تەواوی ھاوڵاتیان بدەن، نە کارەبای ٢٤ ژمێری و... نە ھیچ یەک لە پێداویستیەکانی تری کۆمەڵگەکەمان. مەگەر وەعد بە کەسێک یان لایەنێکی سیاسی درابێت کە: ئەم حکومەتە بڕوخێنە، ئەوا ئێمە تۆ ئەکەین بە سەرۆکی حکومەت.
دووھەم: دەوڵەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەجندایەکی ئەمەریکای ئیمپریالیست و بەریتانیای کۆلۆنیالیست جێبەجێ ئەکەن. لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو ئەجندایەدا، عەقڵی ھەندێک سیاسەتمەداری کوردستانیان شتوە و ھەندێک کەسیشیان لە ڕێی پارە و ئیمتیازو (بە حساب) مسۆگەر کردنی پۆستی بەرز بۆیان لە بەغدا بەکرێ گرتوە. ئەوەش بە مەبەستی تێکشکاندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
سێھەم: بەڕێز سەرۆکی پاڕلەمان مەعجیبە بە دیموکراسیەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ڕۆژانە خوشک و براکانی بە بێ تاوان لە سێدارە دەدات، موعجیبە بە دیموکراسیەکەی بەریتانیا کە ئەندازیاری دابەشکردنی نیشتیمانەکەی و داھێنەری سیستەمی نەگریس و دژ بە ئینسانیەت لە خواروی ئەفەریقایە، موعجیبە بە دڕندەیی فەڕەنسا لە وڵاتی جەزایر، موعجیبە بە سیاسەتی وێرانکاری و داگیرکاری ئەمەریکای خوێنمژ لە ڤێتنام، کەچی موعجیب نیە بە میللەتێک و ئەو سیستەمە سیاسیە دیموکراسیە متەوازیعەی ، کە بەڕێزیانی لە پاسەوانێکەوە (کەھەموو پیشەیەکی شەرافەتمەندانە جێگەی شانازیە) کردە سەرۆکی پارلەمان. چەند کەس لە ئێران و تورکیا و سعودیە و بەریتانیا و ئەمەریکا، لە پلەی پاسەوانێکەوە بونەتە سەرۆکی پارلەمان؟... دیموکراسی مۆدێلە، ئەم مۆدێلەش بە خۆشحاڵی و بە ڕەغمی ھەموو کەم و کوڕیەکیەوە ڕێگە بە ئینسان دەدات کە پاسەوانێکی بەڕێزی ئەم کۆمەڵگەیە ببێتە سەرۆکی پارلەمان دواجار، فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پارلەمانی کوردستان پشتیوانی تەواوی ئەم کابینەیەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وڵاتەکەمان. تەنیا ئالیاتی دیموکراسی بۆ ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات ھەڵبژاردنە. ھەر کەس و قەوارەی نوێ و کۆنی سیاسی ئەگەر بە نیازبێت بە پارەی داگیرکەر و بێگانە و بە زەبری چەک و چەواشە کردنی خەڵکی کوردستان حکومەتی وڵاتەکەمان داپڵۆسێنێت، ئەوا بەو کەرەسەیەی کە ھێرش دەکاتە سەر حکومەت ئێمە ئامادەین بە ھەمان کەرەسە بەرەوڕوی ببینەوە. ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نابێت ترسنۆکانە و متەوازیع بێت لە بەرامبەر ھێرشی چەکداری داگیرکەر بۆسەر ھەرێمی کوردستان لە بەرگی درۆزنانەدا. خەڵکی کوردستان تەنیا لایەنێکن کە مافی سێ و دوو کردن و لێپرسینەوەیان لە حکومەتەکەی خۆیان ھەیە، ئیتر ئەوە مافی ھیچ داگیرکەرێکی کوردستان بەکرێگیراوەکانیان و،داگیرکەر و ئیمپریالیزمی خۆر ئاوایی نیە
سەرفراز بێت نەتەوەی کورد
ئاوەدان بێت خاکی پیرۆزی کوردستان
فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پارمانی کوردستان
٢٠١٧/١٢/١٥