ناکۆکی لەنێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پارێزگاری لە بارەگاکانیان‌و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران دروستبوو

لە کاتێکدا ئەمڕۆ ئەدهەم بارزانی هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکانی سلێمانی بە لاواز وەسفکرد، لەتیف شێخ عومەر ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت " بەهیچ جۆرێك نابینە هێزێكی سەركوتكەر تاپێمان بوترێت بەهێز".

لەتیف شێخ عومەر بەرپرسی مەڵبەندی ڕێكخستنی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵپەڕەکانی نزیک یەکێتی وەڵامی ئەدهەم بارزانی لێپرسراوی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵبجە دەداتەوەو دەڵێت" بەداخەوە هەلومەرجی سیاسی كوردستان و پەرتەوازەیی نێوان هێزە سیاسییەكان وای لێهاتووە كاك ئەدهەم لەسلێمانیەوە وەعزی ئەمنیمان بداتێ، دەزگا ئەمنیەكانیشمان بەهێزی میللەتەكەمان بەهێزەو بۆ سەركوتكردن دروستنەبوون، تا ئەو شوێنەش كاردەكەن كە ئازادی و مافی هاوڵاتیان و شوێنە گشتییەكان پارێزراو بێت".

وتیشی"هێزەكانی ئێمە بۆ پاراستنی خەڵك دروستبون هەرواش دەمێنێتەوە، ئەگەر لەخۆپیشاندانێكیش هەندێك ئاژاوە دروستبووبێت، هێزەكانمان توانیوویانە كۆنتڕۆڵی بكات، ئێستا بەبێ پێویستی هیچ هێزێكی دیكە لەسەرانسەری ئەم ناوچەیە ئەمنیەت و ئاسایش بەرقەرارە، هەر بۆ زانیاری كاك ئەدهەم دوێنێ بەتەنها لەبەردەركی سەراو بازاڕەكان سوڕاومەتەوە بەبێ ئەوەی پاسەوانێكم لەگەڵ بێت بەپشت بەستن بەو هێزە ئەمنیانەی هەموومان وەك هاوڵاتی دەپارێزن".

راشیگەیاند"لای ئێمە هێزو لاوازی لەسەر بنەمایەكی جیاوازتر لەحزبەكانی تر دەپێورێت، هێزی خۆمان بەبەشێك لەمیللەتەكەمان دەزانین، لاوازی لای ئێمە ئەو پەڕی لاوازییە لایەنێك هێرشبكاتە سەر هاوڵاتیانی خۆی، ئازایەتی لەوەدایە هاوڵاتیان بپارێزین نەك ببین بەهێزێكی سەركوتكەر و هەرگیز نابین".

لەبارەی قسەكانی ئەدهەم بارزانی كە باسی لەهەماهەنگی هاتنی هەندێك هێز لەهەولێرەوە كرد، لەتیف شێخ عومەر دەڵێت"نەبیستوومەو نە لە حزب و نە لە حكومەت داوا لەهیچ لایەنێك نەكراوە هێز بۆ سنوری سلێمانی بنێردرێت، هێزەكانیشمان شەوو ڕۆژیان خستۆتەگەڕ بۆ پاراستنی ئەمنیەتی هەموولایەك، ئەگەر هەندێك خروقاتیش كرابێ و بارەگا سوتابێت، بارەگای سەرجەم حزبەكان سوتاون، ئەوەش خۆپیشاندەرە راستەقینەكان نەبوون بەڵكو هەندێك كەسی ئاژاوەگێڕ بوون، ئێستاش پێویست بەهێزی هیچ لایەنێكیش ناكات".



PM:08:21:21/12/2017