ئەحمەد تورک: ئەو رێبازەی حکومەتی هەرێم دژی خەڵک پیادەی دەکات، جێگای قبوڵ نییە

سیاسەتمەداری ناسراوی باکوری کوردستان ئەحمەد تورک رایگەیاند "داوادەكەم خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان بە رێبازی دیموكراسی بەرێوەبچن، و ئەو ڕێبازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دژی خەڵك ئەنجامی دەدات جێگای قبوڵكردن نییە، و شێوەی دەستێوەردانی حكومەتیش ئیدانە دەكەم".

ئەحمەد تورك، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا نزیك لە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، ڕایگەیاندووە "داوادەكەم خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان بە رێبازی دیموكراسی بەرێوەبچن، و ئەو ڕێبازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دژی خەڵك ئەنجامی دەدات جێگای قبوڵكردن نییە، و شێوەی دەستێوەردانی حكومەتیش ئیدانە دەكەم".

ئەو سیاستەمەدارە ناسراوەی کورد دەڵێت " خەڵك بە ڕێپێوان و خۆپێشاندان خواستەكان رادەگەیەنن، و دەبێ سیاسەتمەداران گوێ بدەنە خواستی خەڵك".

سەبارەت بە یەكێتی نەتەوەی كورد گەلی كورد، تورک جەخت لەسەر گرنگی یەکێتی دەکاتەوە، بەڵام دەڵێت "بە قسە نایەتەدی، و بۆ یەكێتی دەبێت هەموو پارتەكان ببنە دەنگی گەل، وئەو كەسانەی خەباتی سیاسی دەكەن پێویستە گوێ لە خەڵك بگرن، و ئەگەر ئەوە نەكەن پێویستیی بە یەكێتی نەتەوەییش ناكات."

لە بارەی ڕیفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانیش، ئەحمەد تورك وتی "بڕیاری تاكلایەنە بۆ ڕیفراندۆم ئەمڕۆ ئێمەی گەیاندە، ئەم ئاستە. هەموومان دەمانخواست گەلی باشووری كوردستان بگاتە ئامانجی خۆی بۆ سەربەخۆیی، بەڵام پێویستە سیاسەتمەدارانی كورد كەموكوڕی خۆیان لەم بارەوە ببینن".



PM:07:20:25/12/2017