داواکارێکی گشتی: هەموو خانەنشینی نا یاسایی هەڵدەوەشێتەوە

ئەوانەی بە پلەی تایبەت خانەشین کراون و پلەی تایبەتیان نەبووە خانەنشینییان ھەڵدەوشێندرێتەوە، ئەوانەشی بە پلەی ناشایستە خانەشین کراون پلەکانیان لێ وەردەگیرێتەوە.
 
د. محەمەد رێکانی، ئەندامی داواکاری گشتی لە ھەرێمی کوردستان بەماڵپەڕی باس، ی راگەیاندووە،" بۆ لابردنی کەسانی ناشایستە لە لیستی خانەشینی یاسای تایبەت دەردەکرێت، وتی: ”ئەو کۆنووسەی پێشووتر ئێمە وەکوو داواکاریی گشتی ھەمانبوو سەبارەت بە خانەشینانی نایاسایی و ناشایستە دەچێتە چوارچێوەی یاساکەوە".
 
روونیشی کردەوە، بەپێی رەشنووسی یاساکە، کە بەم نزیکانە لە پەرلەمانی کوردستان دەردەچێت، زۆر بابەت یەکلایی دەکاتەوە، وتیشی: ”ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە ھەر کەسێک بە پلەی وەزیر و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین کراوە و ئەو پلەشی پێشووتر نەدیتبێت، ئەوە ھەمووی ھەڵدەوشێنەوە، ئەوانەشی بە پلەی بەرزتر خانەشین کراون، بۆ نموونە بەڕێوەبەری گشتی بووە و بە وەزیر خانەشین کراوە ئەو پلانەیان لێ وەردەگیرێتەوە".
 
ناوبراو بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە "ئەوانەی شۆڕشگێڕ بوونە و خەباتیان ھەیە، بەپێی یاسایی رێزلێنانی پێشمەرگە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و خانەشینی مەدەنییان نامێنێت، بەتایبەت پلەی تایبەت، ھەیە نە خزمەتی پێشمەرگایەتیی ھەیە و نە خەباتی کردووە، ئەوانە ھەمووی ھەڵدەوشێنەوە و لادەبرێن".
بەپێی روونکردنەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین ٢٤٤ ھەزار خانەنشین، مووچەی خانەنشینی وەردەگرن لە ھەرێمی کوردستان.
 
ئەو داواکاری گشتییە ئاشکراشی کرد، ئەوانەشی دوو مووچەی خانەنشینی یان مووچەیەکی مەدەنییان ھەیە ھەڵدەوەشێندرێنەوە و تەنیا دەبێت یەک مووچەی شایستە و یاساییان ھەبێت، وتیشی: ”بە دەیان ھەزار کەس بە ناوی خانەنشینی مووچەیان ھەیە و ناشایستەن، ھەروەھا بە دەیان ھەزار کەس لە وەزیفەی گشتی چەندین پلەیان بە ناشایستە پێ دراوە، ئەوانەش پێداچوونەوە بە دۆسێکانیان دەکرێت".
 
٥٠٠ کەس (٤٤ وەزیر و ٦٠ بریکاری وەزیر و ٢٦٠ بەرێوەبەری گشتی و ٧٥ راوێژکار) بە پلەی  تایبەت خانەنشین کراون و لەو پلەیش نەبوونە، پێش پاشەکەوتی مووچە مانگانە یەک ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار بۆ ھەموویان خەرج دەکرا.
 
رێکانی جەختی کردەوە بەپێی روونکردنەوەکانی وەزارەتی دارایی بە بڕینی مووچەی ئەو جۆرە کەسانە پارەیەکی زۆر بۆ بودجە دەگەڕێندرێتەوە کە دەتواندرێت مووچەی بەشیکی بەرچاو مووچەخۆرانی پێ دابین بکرێت، وتیشی: ”بە ملیۆنان دۆلار بەو چاکسازییانە دەگەڕێندرێتەوە بۆ بودجەی گشتی،  ئەگەر ھەموو سیستەمە چاکسازییەکە جێبەجێ بکرێت بە خانەشینی و وەزیفەی گشتی، چونکە بەرپرسانی حکوومەت پێیان راگەیاندین ئەو چاکسازییە سەدان ھەزار کەس دەگرێتەوە".
 
ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستان و دەستەی نەزاھە و داواکاری گشتی و دیوانی چاودێریی دارایی و ئەنجومەنی شوورا لە رەشنووسی یاساکە بەشدارییان کردووە".
 
ئەندامەکەی داواکاری گشتی دووپاتی کردەوە، سنوور بۆ ئەو مووچەی خانەشینانەش دادەندرێت کە بۆ بەشێک لە وارسی مووچەخۆرەکان دەڕوات، وتیشی: ”بەگشتی ئەگەر ئەو چاکسازییە بکرێت و ھەموویان چارەسەر بکرێن ئەوە ٣٠%ی قورسایی لەسەر بودجەی کوردستان لادەچێت".
رێکانی دووپاتی کردەوە، ئەو یاسایەی بۆ چاکسازی لە مووچەی خانەشینان دەردەکرێت وا دیاریکراوە کەلە ١ی ١ی ٢٠١٨وە جێبەجێ بکرێت.
 
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران رای گەیاند: ”سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی لە مەسەلەی پێداچوونەوە بە خانەنشینی، بڕیاری کۆتاییان داوە و پشتگیری دەکرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لای پەرلەمانی کوردستان دەبێت بۆ دەرکردنی یاساکە".
 
ئەندامەکەی داواکاری گشتی جەختی کردەوە، ئەو ٥٠٠ کەسەی بە پلەی تایبەت خانەنشین کراون زۆربەیان ئەو پلانەیان نامێنێت: "ئەگەر خزمەتی پێشمەرگایەتییان ھەبێت ئەوە بە یاسای خانەنشینی و رێزلێنانی پێشمەرگە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەویش بەو مەرجەی خزمەتیان کردبێت، ئەوەیان نامێنێت ٦ ملیۆن و ٤ ملیۆن وەربگرن، بەڵکوو پارەیەکی زۆر کەمتریان پێ دەدرێت".
 
راشی گەیاند، پاش دەرچوونی یاسای تازە، ئەوە سیستەمێک دەردەچێت، دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاھە و داواکاری گشتی راسپێدراون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بۆ ئەو دامودەزگایانەی سەرپێچیی یاسای تازە دەکەن.
 
ئەوانەی بە پلەی سەربازی خانەنشین کراون، مووچەکانیان لە ٩٤٠ ھەزار دینار بۆ شەش ملیۆن دینارە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین سەبارەت بە خانەشینە تایبەتەکان گوتی: ”١١٥یان بە پلەی وەزیر و ٢٥٠یان بە پلەی بریکاری وەزیر خانەنشین کراون، ھەروەھا ٣٢٢ پەرلەمانتاری خانەنشینیش لە  کوردستاندا ھەن".
 
مووچەی خانەشینی وەزیر و پەرلەمانتاران لە دوای پاشەکەوت لە ٦ ملیۆن دینارەوە بووەتە ٣ ملیۆن دینار.
 
ئاراس خۆشناو، بەرپرسی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، پڕۆسەی چاکسازی لە مووچەی خانەنشینان چووەتە قۆناخێکی گرنگەوە.
 
روونیشی کردەوە، ئەگەر پێداچوونەوەی خانەنشینان بکرێت: "دەرفەت ھەیە ١٠٠ ھەزار مووچەخۆر لە خانەنشینان کەم بکرێتەوە".
 
بەپێی ھەندێک زانیاریی پشتڕاست نەکراوە، ١٦٠ ھەزار کەس بە پلەی جیاجیای سەربازی و تایبەت خانەنشین کراون، کە ١٠٠ ھەزاری تەنیا ھی یەکێتی و گۆڕانن و  ٦٠ ھەزارەکەی دیکەش ھی پارتی و حزبەکانی دیکەیە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە (باس) دراون، مووچەی خانەنشیی سەربازی و پلە تایبەت و حزبی،  مانگانە ٨٨ ملیار دینار و ساڵانە یەک ملیار دۆلاری بۆ خەرج دەکرێت.
 
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٤٠٤ کادیری ژنی سەر بە رێکخستنەکانی لە رێگەی وەزارەتی پێشمەرگەوە بە پلەی جۆراوجۆری سەربازی خانەنشین کردوون.
 
مانگانە ٢٦٠ ملیۆن و ٩٥٥ ھەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت، کە ساڵانە ٣ ملیار و ١٣٠ ملیۆن دینارە.
 
بەڵام محەمەد رێکانی ئەوە دەخاتە ڕوو، ئەوانەش دەستکارییان دەکرێت، ئەم جۆرە خانەنشینانە زۆربەیان نامێنن.
 



AM:10:16:26/12/2017