حكومەت لەبارەی فەرمانبەرانی گرێبەستەوە بڕیارێك دەردەكات

لە پێناوی پاراستنی مافی فەرمانبەرانی گرێبەست، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاردەدات "بەبێ داواكاری  فەرمانبەری گرێبەست یان بەبێ هۆكاری یاسایی و كارگێڕی نابێت كەس لە شوێنی فەرمانبەرانی گرێبەست دابنرێت".

بەگوێرەی نوسراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كە لە 28ی تشرینی دووەمی 2017 دەرچووە، ئەوە خراوەتەروو كە بۆ پاراستنی مافی فەرمانبەرانی گرێبەست بڕیارێك دەركراوە و بە پێی بڕیارەكە، هیچ كەسێك لە شوێنی هیچ فەرمانبەرێكی گرێبەست دانانرێت، ئەوەش "بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی مافی ئەو فەرمانبەرانەی كە بە گرێبەست لەسەر میلاكی سەرجەم فەرمانگەكانی حكومەت دامەزرێندراون رێگەنادرێت گرێبەستەكانیان كۆتایی پێ بهێنرێت بە مەبەستی دامەزراندنی كەسانی دیكە لە جێگەیاندا".

فەرمانبەرانی گرێبەست وەك فەرمانبەرانی هەمیشەیی لە تۆماری بایۆمەتری مووچە تۆماركراون و مافەكانیان لە لایەن حكومەت پارێزراوە.

ئەنجومەنی وەزیران روونیكردوەتەوە بە بێ داواكاری فەرمانبەری گرێبەست نابێت هیچ كەس لە شوێنیان دابندرێت، ئەوەش هاتووە "بە بێ داواكاری  فەرمانبەری گرێبەست یان بەبێ هۆكاری یاسایی و كارگێڕی نابێت كەس لە شوێنی فەرمانبەرانی گرێبەست دابنرێت، ئەویش لە پێناو پارێزگاریكردن لە مافی فەرمانبەرانی گرێەبست".

حكوومەت داوای لەسەرجەم فەرمانگە و داموو دەزگاكانی كردووە بڕیارەكە وەك خۆی جێبەجێ بكەن و ئەو بڕیارە فەرمانبەران و مامۆستایان و سەرجەم ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە گرێبەستیان بۆ كراوە.

هۆشەنگ شێخ ئەحمەد، سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی  وەزیرانی كوردستان بە هەفتەنامەی "باس"ی نزیك لە پارتی راگەیاند ئەو بڕیارە بۆ پاراستنی ماف و خزمەتی فەرمانبەرانی گرێبەستە.

روونیشیكردەوە، بەشێكی زۆری فەرمانبەرانی گرێبست چەند ساڵە خزمەت دەكەن بۆیە ناكرێت گرێبەستیان كۆتایی پێ بهێنرێت و خەڵكی تر لە شوێنیان دابندرێت.

شێخ ئەحمەد، جەختی كردەوە نوسراوەكەیان بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان ناردووە بە مەبەستی جێبەجێكردنی و پاراستنی مافی گرێبەستەكان.

پێشووتر بڕیارێكی حكومەت هەبوو بۆ ئەو  كارمەندانەی كە سێ ساڵ گرێبەستیان هەیە تا بكرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی، بەڵام بڕیارەكە بۆ ئێستا راگیراوە.

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی  دارایی لە دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 22 هەزار كارمەندی گرێبەست هەیە كە زۆربەیان لە وەزارەتی شارەوانی و تەندروستین.



PM:12:32:26/12/2017