"وەزارەتی رۆشنبیری هەفتەیەک داخستنی کەناڵەکانی NRT تازە کردەوە"

وەزارەتی رۆشنبیری کار بەیاسای رۆژنامەگەری پەرلەمانی کوردستان ناکات و بە بڕیارێکی خۆی ماوەی داخستنی کەناڵەکانی NRT بۆ یەک هەفتەی تر تازە کردەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" بەواژووی خالید دۆسکی وەزیری رۆشنبیری کە سەرکردەکانی یەکێتی ئەمریان پێکردووە، بڕیاری داخستنی کەناڵەکانی NRT بۆ یەک هەفتەی تر تازە کریەوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد کە لەسەردەمی کاوە مەحمود کە وەزیری رۆشنبیری بوو، هەروەها بە بەشداری هەڵگورد جوندیانی کە بەڕێوەبەری گشتی وەزارەت بوو کۆمەڵێک فەرمان دەرکراون کە پێچەوانەی ناوەرۆکی یاسای ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ رۆژنامەگەری کوردستان کە رێگا نادات میدیا رابگیرێت، یان دابخرێت، بەپێی ئەو فەرمانانە کە وەزارەت خۆی ناوی ناوە بڕیار، هەفتەی پێشوو کەناڵەکانی NRT بە تۆمەتی هاندانی توندوتیژی بە واژووی وەزیری رۆشنبیری خالید دۆسکی داخرا، ئەمڕۆش هەفتەیەک تر بە نا یاسایی بۆ ئەو کەناڵە درێژکرایەوە".

سەرچاوەکەی سپی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکێک لەو یاسا دەگمەنانەی کە لەهەرێم دەرچوون و یاسایەکی پۆزەتیف بوون، یاسای رۆژنامەگەری ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧، بەلآم بەدەست وەزارەتی رۆشنبیریەوە خەریەکە لەناوەرۆکە دیموکراسیەکەی بەتاڵ دەکرێتەوە.

هەفتەیەک لەمەوبەر هێزێکی هاوبەشی ئەمنی و پۆلیس چوونە سەر دامەزراوەی میدیای نالیا و پەخشی کەناڵەکانی ئەو میدیایەیان داخست.
ئەمڕۆش هەفتەیەک داخستنی کەنالەکە درێژکرایەوە.


PM:08:04:26/12/2017