لە ئێران خۆپیشاندان بەردەوامە
چەندان شار و جێگای گرنگ کەوتۆتە دەست خۆپیشاندەران
بۆ رۆژی شەشەم خۆپیشاندان لە زۆرێک لەشارەکانی ئێران بەردەوامەو چەندان شوێنی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کۆنترۆڵکراوەو چەندان شوێنی تر پێکدادان و خۆپیشاندانی توند لەنێوان خۆپیشاندەرانو هێزە ئەمنییەکاندا بەردەوامە.
میدیای فەرمی ئێران بلآویکردەوە کە لە پێکدادانی خۆپیشاندانی رۆژانی رابردوودا ٢٢ کەس کوژراون، لەو ژمارە کوژراوانە ٩ یان شەوی رابردوو کوژراون و زۆربەیان لەشاری ئەسفەهانن.
لەلایەکی ترەوە میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن چەندان چالاکی جۆراو جۆری خۆپیشاندانیان بلآوکردەوە:
تاران:
لە مەیدانی " ئینقلاب"، پشێویەکی تەواو باڵی بەسەر بارودۆخەکەدا کێشاوەو پۆلیس و هێزە ئەمنیەکان ناتوانن کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکەن، هەروەها بانکی " سادرات " سووتێنراوە.
لە شاری ئاراک:
شاری ئاراک یەکێکە لەو شارانەی دەکەوێتە ناوەڕاستی ئێران، لەو شارەدا بینای پارێزگاو بینای ئێستگەو تەلەفزیۆن کەوتوونەتە دەست خۆپیشاندەران، هەروەها خۆپیشاندەران دەستیان بەسەر بەندیخانەی شارەکەدا گرتووە.
کەرەج:
شاری کەرەج کەدەکەوێتە رۆژئاوای تاران، خۆپیشاندەران سەرجەم بەنزینخانەو کۆگاکانی سوتەمەنیان سووتان، وەک ئەو میدیانە باسی دەکەن بۆیە ئەو کۆگای سووتەمەنیانەیان سووتاندووە لەبەرئەوەی ئۆتۆمبیلەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە کۆگایانە سووتەمەنیان وەردەگرت.
کاشان:
لە شاری کاشان بینای دادگا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنرا.
ئەهواز:
شاری ئەهواز پێکدادانی توند لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا بەردەوامە، خۆپیشاندەران دەستیان بەسەر چەندان زرێپۆشدا گرتووە، شەڕی گەڕەکەو گەڕەک لە شارەکە درێژەی هەیە.
مەلایر:
مەلایر دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای تارانەوە، لەلایەن خۆپیشادەرانەوە بینای شارەوانی کۆنترۆلکراوەو پەنجەرەو دارو پەردووی بیناکە تێکشکێنراوە.
* لەشارەکانی قوم و ئەسەفەهان و کرماشان و بەندەر عەباس و چەندان شاری تر خۆپیشاندانی گەورەو بەرفراوان بەردەوامە و پێکدادانی توند لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان درێژەی هەیە.
PM:12:36:02/01/2018