جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیاندراوێکدا جگە لە " خۆبەخشەکانی " نەوەی نوێ، داوا لە خەڵکی بێلایەنیش دەکات ناوی خۆیان کاندید لەریزی قەوارەکەی ئەواندا کاندید بکەن.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە بانگەوازێکدا بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عیراق، دەرفەتی یەکسان دەداتە هەر هاوڵاتییەک بۆ ئەوەی ببێتە کاندیدی جوڵانەوەکەیان بۆ هەلبژاردنەکانی پارلەمانی عیراق و پارلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان.
لەو راگەیاندراوەیاندا کە ئەمڕۆ ٢/١/٢٠١٨ بڵاویانکردوەتەوە و دانەیەکی دەست سپی کەوتووە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەلایەوە ئاساییە ئەو کەسانەی دەبنە کاندیدی جوڵانەوەکەیان، ئەندام و لایەنگری نەوەی نوێ-ش نەبن، بەمەرجێک هەموو رێکارە یاساییەکانی خۆ کاندیدبوونیان تێدا بێت و خاوەنی بڕوانامە بن و شارەزاییان لە بوارێکی دیاریکراویشدا هەبێت، سەرەڕای بوونی ئەزموون لە بوارێکی دیاریکراودا.
هەر لەو بانگەوازەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دا، داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عیراق کراوە، ئەگەر مەرجەکانی سەرەوەیان تێدایە، دەتوانن سیڤی خۆیان بۆ ئیمەیڵ ئەدرەسی جوڵانەوەکە بنێرن.