ڤیدیۆیەکی گرنگی ساتی دەستگیرکردنی دوو بەرپرسەکەی میتی تورکی کە هاتبوون جەمیل بایک تیرۆر بکەن

لە ڤیدیۆیەکدا چوار گەریلای دەموچاو پێچراو بە دەمانچەوە، دەچنە ژوورێکەوەو دوو بەرپرسەکەی میت و دووکەسی تر دەستگیر دەکەن.

ئەو ڤیدیۆیە کە لە ئاژانسی فورات نیوز زمانحاڵی پەکەکە بلآوکراوەتەوەو لۆگۆی ئەوانی بەسەرەوە، چوار گەریلای پەکەکە دەچنە ژوورەوە و بەمیلەوە بەرپرسانی میت دەدەن بەزەویداو دەستیان دەبەستنەوە.

رۆژی ٣ کانوونی دووەم میدیاکانی پەکەکە تەواوی چالاکییەکەیان لە بەیاننامەیەکدا بلاوکردەوە کە تیایدا هاتبووە" 
دوو بەڕێوەبەری پلەبەرزی میتی ئەرکداریان کردووە بۆ ئەوەی لە نزیک هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئۆپەراسیۆن دەستپێبکەن دژی بەڕێوەبەرانی پەکەکە، پاش ماوەیەکی کەم هێزەکانمان هەستیان بەو ئۆپەراسیۆنە کرد، دەستیان کرد بە چاودێریکردنی ئۆپەراسیۆنەکەیان، دوو بەڕێەبەری میت کە بۆ چەندین مانگ خۆیان ئامادەکردبوو، ڕێک لەو کاتەی ویستیان ئۆپەراسیۆنەکەیان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، لەلایەن یەکینەیەکی هەپەگەوە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕیی ساکینە جانسز، ئەو دوو بەڕێوەبەرەی میت بەدیلگیران، ئەو دوو بەڕێووەبەرەی میت لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی شۆڕشگێڕانی هەواڵگریدا دەستگیرکران، ئەوان دوو سەرۆکی ناوەندێک بوون کە بە فەرمانی ئەردۆغان و لەژێر چاودێریی هاکان فیدان کاریان دەکرد”.
کەجەکە لە بەردەوامیدا بەم شێوەیە ناسنامەی ئەو دوو بەڕێوەبەرەی میتی ئاشکراکردوە: "ئەرهان پەکچەتین و ئایدین گونەل بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە شوێنە جیا جیاکانی کوردستان لە پۆستە باڵاکانی میتدا کاریان کردووە، ئەرهان پەکچەتین سەرۆکی جیاکردنەوەی کاروباری (ئتنیکەکان)ی ناوخۆی میتە، کە یەکێک لە ستراتیژیترین لقەکانی میتە، هەروەها ئایدین گونەل بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکانی میتە و لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کاری کردووە، بەهۆی پۆستە باڵاکانیانەوە لەناو میتدا، زانیارییان لە بارەی وردەکاریی هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی میتەوە لە دەستدا بووە”.
هەروەها کەجەکە ڕاشیگەیاندوە: "پێشتریش دوو بەرپرسی ناوچەیی میت لە جزیرە و لە کاتی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری باکوری کوردستان دا دەستگیرکرابوون و زانیاریی زۆر گرنگمان لەوانیشەوە بە دەست هێناوە، ئەو زانیاری و بەڵگانەی لەو بەڕێوەبەرانەی میت بە دەستمان گەیشتووە، دەردەکەوێت، کە ئاکەپە چ پیلانگێڕییەکی بەرفراوانی دژی گەلی کورد، سۆسیالیستەکان و هەموو ڕۆشنبیران و و نووسەرەکان و عەلەوییەکان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بە دەستەوە بووە”.
کەجەکە ئاسکراشی کرد: "سەبهادین ئاسال، یەکێک لە بەڕێووەبەرانی میت لەگەڵ محەمەد دەرویشوغڵو وەکو شاندی دەوڵەت بەشداری چاوپێکەوتنەکانی ئیمرالی دەبوون، پیلانی کۆمەڵکوژی پاریس لە ساڵی ٢٠١٣دا لەلایەن ئەوانەوە داڕێژراوە و ئەوەش پیلانگێڕیی بەرفراوانی ئاکەپە و میت پیشان دەدا، هەروەها بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتوون، دەوڵەتی تورکیا ڕۆڵی زۆر گرنگی هەبووە لە تێکچوون و هەڵوەشاندنەوەی سوریا”.
کەجەکە هەروەها ڕایگەیاند: "لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە لە مانگی ئابی ٢٠١٧دا دەستیپێکرد، زانیاریی لە بارەی ناوەندەکان و ڕێکخراوەکانی میت، سیخوڕەکانیان و کارمەندەکانیان هەروەها پەیوەندییەکانی دەرەوە و ناوخۆیان بۆ ئێمە ئاشکرا بوون، کۆمەڵکوژیی لە پاریس و هەروەها تیرۆر لە ڕۆژئاوای کوردستان و چەندین چالاکیی دیکەیان بۆمان کەشف بوون، لەلایەکی دیکەوە ناسنامەی ئەندامان، سیخوڕەکان و کارمەندەکانی میت لە باکوری کوردستان بۆ هێزەکانمان ئاشکرابوون، بەدەستخستنی ئەو زانیارییانە گورزی زۆر قورسی لە تۆڕی سیخوڕیی میت لە باکوری کوردستان داوە”.
کەجەکە بەم شێوەیە بەردەوامی داوە بە ڕاگەیەندراوەکەی: "بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕیی شەهید ساکینە جانسز، ژمارەیەکی زۆر لە پیلانگێڕییەکانی حکومەتی ئاکەپە دژ بە گەلی کورد پووچەڵ کرانەوە، ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی چاوەڕێی ئەویان دەکرد، کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی میتدا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە تیرۆر بکرێن، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنەیان بێ ئەنجام مایەوە و بە بەدیلگرتنی ئەو ئەندامانەی میت گورزێکی وەهایان لێدرا کە قەت پشتڕاست نەکەنەوە”.
کەجەکە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندوە: "پاش ئەوەی هەموو وردەکارییەکانی تۆڕی سیخوڕیی میت لە باکوری کوردستان بۆ هێزەکانمان ئاشکراببێت، زانیاریی پێویست لەو بارەیەوە بە ڕایگشتی ڕادەگەیەنین، لەلایەکی دیکەوە بانگەوازی گەلەکەمان و ڕایگشتی و هێزە دیموکراتییەکان دەکەین، کە هۆشیار بن سەبارەت بەو هەواڵ و زانیارییانەی دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا بڵاویان دەکاتەوە”.



PM:05:57:05/01/2018