لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 600 كەس بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

هاتوچۆی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2017 دا چوار هەزار و 410 رووداوی هاتوچۆ تۆماركراوە، بەهۆیەوە689 كەس گیانیان لەدەستداوە.

عەقید ئەسعەد كەریم، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئامارەكانی هاتوچۆی بۆ ساڵی 2017 بڵاوكردەوە و رایگەیاند، "لەساڵی 2017دا چوار هەزار و 410 رووداوی هاتوچۆ رویانداوە، تیایدا حەوت هەزار و 249 برینداربوون".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، "689 كەس گیانیانلەدەستداوە، بەڵام رووداو و قوربانییەكان بەراورد بەساڵی 2016 كەمیكردوە، هۆكاری سەرەكی رووداوەكانیش خێرایی لێخوڕین بووە، بەجۆرێك لە 60% رووداوەكان بەهۆی خێراییەوە بووە".

عەقید ئەسعەد كەریم وتیشی، "سەرپێچیەكان زیادیكردوە لەو ساڵەدا یەك ملیۆن و 498 هەزار و 155 سەرپێچی تۆماركراوە و 179 هەزار و 928 سەرپێچی بەراورد بە ساڵی 2016 زیادیكردوە".

لەبارەی داهاتەكانیشەوە وتی "داهاتەكانیان لە ساڵی 2017 گەیشتووەتە نزیكەی 270 ملیار دینار، 78 هەزار و 775 ئۆتۆمبێل تۆماركراون، بەوەش كۆی ئۆتۆمبیلی تۆماركراو جگە لە ئۆتۆمبێلی سەربازی یەك ملیۆن و 469هەزارو 887 ئۆتۆمبیل".

ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی رابردوو 69 هەزار و 97 مۆڵەت دراوە كە 12 هەزار و 482 یان بە ئافرەتان دراوە ، بەمەش كۆی گشتی مۆڵەت لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 647 هەزار و 283 مۆڵەت بە شوفێران دراوە .



PM:12:19:08/01/2018