لەبارەی فەرمانبەرانی گرێبەستەوە بڕیار دەدرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری گرێبەستی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم بە مەرجی بڕوانامە و پێویستی و رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەی وەزارەتی دارایی هەرێم نوێدەكاتەوە.


بەپێی نووسراوی ژمارە 89ی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم كە لە 8ی كانوونی دووەمی 2018 واژۆی رێباز حەملان، وەزیری دارایی بەسەرەوەیە تێیدا هاتووە، بە چەند مەرجێك گرێبەستی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2018 نوێدەكرێتەوە.

بەپێی نووسراوەكە، نوێكردنەوەی گرێبەستی فەرمانبەرانی وەزارەت و فەرمانگەكانی 2017، بەپێی پێویستی و بە رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەی وەزارەتی دارایی دەبێت و لە بودجەی ئاسایی دەبێت، هەروەها نابێت تەمەنی فەرمانبەر لە خوار 18 ساڵییەوە بێت و نوێكردنەوەكە بەپێی هەمان بڕوانامە دەبێت كە گرێبەستەكەی بۆ كراوەو كار بە بڕوانامەی تر ناكرێت.

لەنووسراوەكەدا، ئاماژە بەوەكراوە كە لەبەرئەوەی دامەزراندنی فەرمانبەری گرێبەست بەپێی پسپۆڕی و پێویستی فەرمانگەكان كراوە، بۆیە نابێت گۆڕانكاری لە ناونیشانی وەزیفیاندا بكرێت و لە حاڵەتی پێویست نەبوونی فەرمانبەر بەو ناونیشانە دەكرێت گرێبەستەكە هەڵبوەشێنرێتەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، نابێت هیچ فەرمانبەرێكی گرێبەست گواستنەوەی راژەی بۆ بكرێت، جگە لەو فەرمانبەرە ئافرەتانەی كە هاوسەرگیری نوێ ئەنجامدەدەن، ئەمیش بەڕەزامەندی هەردوو ئەو فەرمانگەیەی لێ دەگوازرێتەوە یاخود بۆی دەگوازرێتەوە بە رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەی وەزارەتی دارایی.

لەبارەی ئەو فەرمانبەرانەی كە لەسەر داهاتی ناوخۆی وەزارەتەكان دامەزراون گرێبەستەكانیان بۆ نوێدەكرێتەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەرایەتی خەرجییەكانی وەزارەتی دارایی رەزامەندی لەسەر دەدات و بە لیستێك ناوەكانیان بۆ دیوانی وەزارەتی دارایی بەرزدەكاتەوە.

ئەو بڕیارە نوێیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە 1ی كانوونی دووەمی 2018، جێبەجێدەكرێت.



PM:08:16:10/01/2018