گەنجێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا

گەنجێکی دانیشتووی شاری سنە کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە دەستگیرکرابوو، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.

ماڵپەڕی هەنگاو بڵاویکردەوە، گەنجێکی دانیشتووی شاری سنە لەژێر ئەشکەنجەدا لە زیندان گیانی لەدەستداوە.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، شەوی ١٢ی ئەم مانگە، هێزەکانی ئیتڵاعات چوونەتە ماڵی باوکی "سارۆ قەهرەمانی" و پێیان راگەیاندوون کە سبەی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتڵاعات بکەن.

ڕاشیگەیاندووە، یەکێک لە کەسوکاری گەنجەکە وتوویەتی: سارۆ ١١ ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانەوە دەستگیرکراوە و ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیار بووە.

بەپێی هەواڵەکەی ماڵپەڕی هەنگاو، گەنجەکە تەمەنی ٢٤ ساڵ بووە و پێشتر بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حیزبە کوردییەکاندا دەستبەسەر و پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.



PM:12:33:14/01/2018