ھاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە لەبارەی گفتوگۆكانی ھەرێم و بەغداوە زانیاری ئاشكرادەكات

ھاوپەیمانی نیشتیمانی شیعەكان گفتوگۆكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەدانوستانی ھونەریی ناودەبات و ڕەتیدەكاتەوە سیاسی بێت، و زانیاریش لەبارەی ناردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم ئاشكرادەكات.

عەبدوڵڵا زەیدی، بەرپرسی دۆسیەی كورد لەھاوپەیمانی نیشتیمانی شیعەكان ڕایگەیاند، "حكومەتی عیراق لەھیچ كام لەمەرجەكانی پێشتری لەسەر ھەرێمی كوردستان پاشگەزنەبۆتەوە بەتایبەت كە لەئێستادا دانوستان و گفتوگۆ لەنێوان ھەردولادا دەستیپێكردۆتەوە".

وتیشی "ئەو لێكتێگەیشتنانەی ئێستا دەستپێكردوە زیاتر لایەنی ھونەریە نەك سیاسیی، بۆنمونە پرسی موچەی فەرمانبەران و فڕۆكەخانەكان ئەمانە ھونەرین نەك سیاسی و پەیوەندیشی نییە بەدانوستان نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە".

جەختیشكردەوە، بەھیچ شێوەیەك نەرمی نواندنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەفشاری نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلھێز نەبوە بەتایبەت ئەمریكا، وتیشی "چارەسەركردنی كێشەكان ڕێچكەیەكی نوێی گرتوە بەتایبەت لەنێوان ھەردوو حكومەتی عیراق و  ھەرێمی كوردستان، بەڵام لەداھاتودا".

زەیدی پەیامێكیشی ئاراستەی ھەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش حكومەت كرد، ڕێز لەبڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بگرن و پابەندی یاسابن، "حكومەتی عیراق ڕێوشوێنەكانی تایبەت بەوردبینكردن لەلیستی موچەی وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی ھەرێم دەستپێكردوە بەئامانجی ناردنی موچەكانیان".



PM:01:23:16/01/2018