گەنجێک لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا

گەنجێکی دیکەی شاری سنە کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەستبەسەرکرابوو لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەکانی ئێراندا گیانی لەدەستدا.


ماڵپەڕی هەنگاو، کە بایەخ بە هەواڵ و چالاکییەکانی مافی مرۆڤ دەدات لە خۆرهەڵاتى كوردستان، بڵاویکردەوە ڕۆژی دووشەممە "حوسێن قادری" لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە بەهۆی ئەشكەنجە و لێدانەوە گیانی لە دەستداوە.

حوسێن قادری تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی شاری سنە بووە و بەهۆی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایەی ئەو شارەدا دەستبەسەرکرابوو، پاش ڕۆژێک مانەوە لە بەندیخانەی سنە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە، کە بەهۆی ئەشكەنجەوە توشی بووبوو، گیانی لە دەست داوە.

ئەمە سێیەمین بەندکراوی کوردە کە لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ڕۆژدا لە بەندیخانەی سنە گیانیان لە دەستداوە.

شەوی ١٢ی ئەم مانگە، گەنجێکی کوردی خەڵکی سنە بەناوی "سارۆ قەهرەمانی" لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا، هەروەها ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگەش دووهەمین دەستبەسەرکراوی کورد لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەستدا.

هەروەها بەپێی ئاماری ماڵپەری هەنگاو، لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا، هەشت بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە.



PM:01:22:18/01/2018