دیدارێک لەبارەی کۆنگرەی یەکێتیەوە بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ دیداری سلێمانی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كۆنگرە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، تیایدا پرسی كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی تاوتوێکرا.


لە دیدارەکەدا ژمارەیەكی لەكادرانی بادینان و هەولێرو كەركوك و گەرمیان و سلێمانی یەكێتی گفتوگۆیان کرد لەسەر پرسی كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان و پێداچونەوە بەپەیكەربەندی و شێوەی كاركردنی كاری حزبیی و تیایدا سێ‌ پانێڵ بەڕێوەچوو.

پانێڵی یەكەم، بەناونیشانی (پەیكەرێكی نوێ‌ بۆ یەكێتییەكی نوێ‌) لەلایەن د. یوسف گۆران ئەندامی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پانێڵی دووەم بەناونیشانی (چانسێكی دیكە بۆ راگەیاندنی یەكێتی) لەلایەن ستران عەبدوڵلا سەرنوسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ پانێلی سێیەم بەناونیشانی (یەكێتی لەبادینان بەرەو كوێ‌) لەلایەن لەتیف نێرەویی وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو.

دیداری سلێمانی، دووەم دیداری كادرانی یەكێتییە دوای دیداری هەولێر كە بەلەماوەیەك سازكرا، بڕیارە دیداری دیكە لە كەركوك و بادینان سازبكرێت، بڕیاریشە پێشنیارو راسپاردەی هەموو دیدارەكان بخرێتە بەردەم سەركردایەتی و كادرانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بۆ سود لێوەرگرتنی بۆ كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی.



PM:08:37:20/01/2018