عەلی حەمە ساڵح و سۆران عومەر لەبارەی بڵاوبوونەوەی وێنەیەکیان ڕوونکردنەوە دەدەن

هەردوو پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن سۆران عومەر و عەلی حەمە ساڵح لەبارەی بڵاوكردنەوەی وێنەكەیان لەلایەن مەحمود سەنگاویەوە ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکەنەوە.


ئەو دوو پەرلەمانتارە لە نوسنێكدا لەژێر بەناوی "ئەم وێنەیە و زۆر راستی دیكە" نوسیویانە "مەحمود سەنگاوی تەلەفونی كرد، وتی: حەزدەكەم باسی ئەم دزی و گەندەڵیانە بۆ بكەن و بزانم حیزبەكەی من چۆن شەریكە.

هاوكات نوسیویشیانە" شار بەشار و ماڵ بەماڵ ئامادەین بگەڕێین، بۆ خستنەڕووی دیوە ڕاستییەكانی ئەم حكومەتە، ئەمە ئەركە".

دەقی نوسینەكە:

ئەم وێنەیەو زۆر ڕاستی دیكە

لەڕابردو لە ئایندەدا هەموو ڕێگاكانمان دژ بە گەندەڵی و ستەمكاری گرتووەتەبەر..
-كاری پەرلەمانی پرسیارو پرساندن و بانگهێشتكردن.
-ڕۆشتن بۆ دادگا، زیاتر لە ١٠٠ سكاڵامان لە ڕێگای دەستەی نەزاهەو داواكاری گشتی داوەتە دادگا.
-قسەكردن لە ڕاگەیاندنەكان و رونكردنەوەی ڕاستییەكان.
-گفتوگۆی ڕوبەڕوو لەگەڵ دەسەڵاتداران و ئەوەی لە ڕاگەیاندن پێمانوتون، ڕووبەڕوو پێمان وتوون....
وێنەكە، ساڵی ٢٠١٦ گیراوە.

لە ساڵی ٢٠١٦دا سەدان دۆسیەو دیكیۆمێنتی گەندەڵی، دزی و بردنە دەرەوەی پارەمان كۆكردەوە(داومانەتە داواكارگشتیش وەك سكاڵا) دواتر هەموویمان كورتكردەوە لە ڕاپۆرتێكدا بە ناوی مەرگەساتی حوكمڕانی لە دوتوێی ٣٦ پەڕەدا ڕێكمانخست، بردمان بۆ چوار حیزبی(گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ) لەوێ وتمان: نەك نابێت بەشداربن لەم حكومەتەدا، بەڵكو دەبێت بەرەنگاری ئەم ستەمكاریە ببنەوە‌.

نزیكەی ٤٠ بەرپرسمان لە هەر چوار حیزبەكە بینی، ڕاستیەكانمان خستە بەرچاویان..

لە یەكێتی، لەگەڵ حاكم قادر دانیشتین دواتر چەند بەرپرسێكی دیكەمان دیت، ڕاپۆرتەكەمان بۆ باسكردن، حاكم قادر، ڕاپۆرتەكەی بردە مەكتەبی سیاسی و لەوێ باسكرا، دواتر مەحمود سەنگاوی تەلەفونی كرد، وتی: حەزدەكەم باسی ئەم دزی و گەندەڵیانەم بۆ بكەن و بزانم حیزبەكەی من چۆن شەریكە.


لە نێو ئەو دەیان بەرپرسەدا لەگەڵ ئەویش دانیشتین و هەموویمان بۆ باسكرد، قەناعەتی كرد، كە حیزبەكەی لەو هەموو تاوانكاریەدا شەریكە، لەسەر تەلەفزیۆنیش باسی كرد.

شار بەشار و ماڵ بەماڵ ئامادەین بگەڕێین، بۆ خستنەڕووی دیوە ڕاستییەكانی ئەم حكومەتە، ئەمە ئەركە ...

لە ماوەی ڕابردودا لەگەڵ دەیان بەرپرس دانیشتووین و ئەوەی لەسەر تەلەفزیۆن پێیان دەڵێین ڕووبەڕوو پێمانوتوون، هاوڕێكانمان شاهیدن لە كۆبونەوە لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەشی هەمان شتمان وتووە، كە لەسەر شاشە دەیڵێین.

ئێستاش هەر بەرپرسێك بیەوێت ڕاستییەكان بزانێت دەچین و هەمووی تێدەگەیەنین، ئەركی ئێمە ئەمەیە....

لەگەڵ كەس دانانیشین بۆ شەریكی لە كۆمپانیاو دابەشكردنی پارەی حەرام، لەگەڵ هەموو كەس دادەنیشین بۆ ئەوەی قەناعەتی پێبكەین كە پشتیوانی ئەم دەسەڵاتە، پشتیوانیە لەستە‌مكاری.

ئەگەر لەماوەی ڕابردودا قەناعەتمان بە ژمارەیەك هاوڵاتی كردبێت، پشتیوانی ستەمكاری نەكات، دەستكەوتە لای ئێمە

ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا دەیان كەسی وەك كاك مەحمود سەنگاوی پشتیوانی دەسەڵاتی ستەمكاری نەكات كاریكی خراپه؟ چاوەڕێی ئەوەش دەكەین بەشێكی زۆر لە بەرپرسان و كادیری حیزبەكان پشتبكەن لەستەمكاری...

بەرنامەی ئێمە بۆ سەركەوتن ئەمەیە...

شەڕی ستەمكاری پێویستی بەهەموو كەسێك هەیە، هەركاتێكیش چوینە سەر حوكم، دادگەرانەو بەبێ چاوپۆشی لە خۆمان و هیچ كەسێكی دیكە؛ دادپەروەرانە یاسا جێیەجێدەكین و حوكم دەكەین.

عەلی حەمە ساڵح
سۆران عومەر



PM:10:23:20/01/2018