هەولێر...خۆپیشاندان دەستیپێكرد

ژمارەیەك هاوڵاتی و چالاكوانی مەدەنی لە شاری هەولێر لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان لەدژی هێرشی توركیا بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەربڕی.

لە گردبونەوەكەدا هاوڵاتیانی هەولێر هێرشەكانی توركیایان بۆسەر عەفرین شەرمەزاركرد و ئاماژەیان بەوەكردووە كە حكومەتی رەگەز پەرستی توركیا لەهەموو پارچەكانی كوردستان دژایەتی گەلی كورد دەكات.

خۆپیشاندەران بەیاننامەیەكیان خوێندەوە و ڕایانگەیاند ''حكومەتی رەگەز پەرستی توركیا وەك دەبینن لە هەموو پارچەكانی كوردستان دژایەتی گەلەكەمان دەكات، نەك تەنها سەركەوتنی گەلی كورد لە باكوری كوردستان، دوێنێ ئەندامێكی چالاكی كەمپینی دژ بە سەربەخۆیی كوردستان بوو، ئەمڕۆش بێ هیچ بەهانەیەك لەشكركێشی بۆسەر عەفرین بەهاوكاری چەكدارە لایەنگرەكانی خۆی لەژێر ناوی ئۆپۆزسدیۆن دەستپێكردووە".

هەروەها داوایان كرد كە گەلی كورد لەسەرجەم پارچەكانی كوردستان لە پشت عەفرینەوە راوەستن و سەرجەم پارتە سیاسییەكانیش بەرگری لە عەفرین بكەن، داواشیان لە پەرلەمانی كوردستان كرد كۆبونەوەیەكی تایبەت بۆ هێرشی عەفرین ئەنجام بدەن و هەمان هەڵوێستی كۆبانێ دووبارە بكاتەوە.



PM:12:10:21/01/2018