مامۆستایەكی ئاینی بۆ شەڕڤانان: جیهاد لای ئێوەیە

مەلا سامان سەنگاوی، لەسەر بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین داوا لە مامۆستایانی ئاینی دەكات كە ئیدانەی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورك بكەن و ڕایدەگەیەنێت "ڕووی وتارم دەكەمە شەڕڤانان و گەریلاكان كە جیهاد و تێكۆشان لای ئێوەیە". 

مەلا سامان سەنگاوی، مامۆستای ئاینی، ڕایگەیاند"ئەو هێرشانەی سەر عەفرین ئیدانە و شەرمەزار دەكەین، ئەوە كارێكی دوور لە مرۆڤایەتی و دوور لە ئیسلامەتی و دیندارییە، دیارە دەوڵەتی ئەردۆغان خۆی بە خەلافەتی ئیسلامی دەزانێت و دەیبینین لە وێنەكاندا كە ئەردۆغان قورئانێكی پیرۆزی گرتووە بە دەستیەوە، دەیەوێت قورئان جێبەجێ بكات، ئایا جێبەجێ كردنی قورئان و ئیسلام بەم كوشتار و بڕینە دەبێت!؟".
مەلا سامان، وتیشی "خوا ئەو مافەی بە ئێمە داوە كە زمان و ڕەنگ و دەنگ و خاكمان هەبێت، بەڵام بە داخەوە ئێستا لەژێر چەپۆكی داگیركەرێكی وەك دەوڵەتی توركیاین و دەیەوێت ئەو مافە لە ئێمە بسەنێتەوە و نایەوێت كە مافمان هەبێت، كە ئەمەش دژی ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزە".

ئەو وەك یەكەم مامۆستای ئاینی باشوور هەڵوێستی وەرگرت و ئاماژەی بەوەدا "بە چ دینێك و بە چ یاسایەكی زەمینی و ئاسمانی ڕەوایە كە هێرش بكەیت بۆ سەر شارێك كە شاری كوردانە و كە خاكمانە، بەڵام دەوڵەتی تورك هێرش دەكاتە سەری و بەدەیان منداڵ و خەڵكی مەدەنی دەكوژێت، شەڕڤانان شەهید دەكات، لە هیچ قانونێكی زەمینی و ئاسمانی جێگەی نابێتەوە".

مەلا سامان داواشی لە مامۆستایانی ئایینی كرد كە لە مینبەرەكانیانەوە ئیدانەی ئەم هێرشانە بكەن و وتی "داوا لە مامۆستایانی ئاینی دەكەم لە ڕێگەی میمبەرەكانیان و پەیج و ئەكاونتەكانیان ئیدانە و مەحكومی ئەردۆغان و توركیا بكەن، كە دەیانەوێت بە ناوی ئیسلام و دەوڵەتی ئیسلامییەوە میلـلەتی كورد لەناوببەن".

ئەو مامۆستا ئاینییە، وتیشی "ڕووی وتارم دەكەمە شەڕڤانان و هەوادارانی پەكەكە كە جیهاد و تێكۆشان لای ئێوەیە، ئەو شەڕەی كە دەیكەن لە پێناوی خاك و نیشتیماندا شەرەفە، گەورەییە، كەرامەتە، شەڕڤانانی قارەمانان دەستخۆشیتان لێدەكەین كە سنگی خۆتان كردووەتە قەڵغان بۆ پاراستنی خاكی كوردستان، ئێمە دەزانین كە ئێوە خاكفرۆش نین، ئێوە نیشتیمان پەرست و خاكپەرستن، ئێوە لەسەر حەقن، دوژمن دەیەوێت لەسەر خاكی خۆمان بمانسڕێتەوە و بونمان نەهێڵێت".

سەبارەت بەوەی كە مامۆستایانی ئاینی توركیا لە مینبەرەكانیانەوە فەتوای جیهاد دەدەن، ئەو مامۆستا ئاینییە وتی "ئەوەتا بەشێك لە مامۆستایانی ئاینی توركیا فەتوای كوشتنی كورد و داگیركردنی خاكی كوردیان داوە، كەچی مامۆستایانی ئاینی كورد تا ئێستا هەڵوێستمان نییە، تا ئێستا بێدەنگین لە ئاست ئەو تاوانە گەورەیە، گلەییەكی زۆرم هەیە لە مەلایانی كورد لە زانایانی ئاینی كە بێ هەڵوێستن بەرامبەر بە ئەردۆغان، پێویستە مامۆستایانی ئاینی، زانایانی ئاینی و یەكێتی زانایان و ئەوقاف بێنە سەرخەت، بە حەدیس و بە ئایەت وەڵامیان بدەینەوە و شەڕیان لەگەڵ بكەین، شەڕڤانان بە لولەی تفەنگەكانیان و مەلاكان بە حەدیس و بە ئایەتەكانیان بەرگری لە قارەمانێتی شەڕڤانان بكەن".

شەوی ڕابردوو فەرمانداری گشتی یەكینەكانی پاراستنی گەل – یەپەگە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەكانی دەوڵەتی توركەوە‌ بۆ سەر عەفرین شەش هاوڵاتی و سێ شەڕڤانی یەپەگە و یەپەژە شەهید بوون، لە ئێستاشدا بۆردومانی توركیا بۆ سەر عەفرین بەردەوامە، كاردانەوەی چین و توێژە جیاوازەكانیش لەسەر ئەو هێرشانە بەردەوامیی هەیە.



PM:02:09:21/01/2018